ژنانی خانەنشین بوونەتە پێشەنگی گردبوونەوەکان لە ئێران

هاوشێوەی هەفتەکانی ڕابردوو، بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە خانەنشینان جارێکی دیکە کۆبوونەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرامبەر ئەو دۆخەی تێیدان و ئەو پێشێلکارییانەی بەرامبەریان ئەنجامدەدرێت.

ژوان کەرەمی

 

کرماشان- ئەمڕۆ یەکشەممە، خانەنشینانی کرماشان لە بەردەم بینای ناوەندیی ئیدارەی گشتیی ئاسایشی کۆمەڵایەتی پارێزگای کرماشان دەستیان بە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتی کرد، ئەم گردبوونەوەی ناڕەزایەتییە درێژەی ناڕەزایەتییەکانی ڕۆژانی یەکشەممەی ئەو خانەنشینانەیە کە هەموو هەفتەیەک بە پێی وادەی پێشوو کۆدەبنەوە و ناڕەزایەتی خۆیان نیشان دەدەن، تێیدا چەندین پۆستەر و لافیتە نمایشکران کە دەقی ڕەخنەیی و دروشمی ناڕەزایەتییان تێدابوو.

 

ئامادەبوونی ژنان وەک هەمیشە ڕۆڵێکی دیاری هەبوو و کۆمەڵێکیان بە دروشمەکانی "سوپا، وڵات، ئاسایشی کۆمەڵایەتی، یەکگرتوویی" بەشدارییان لەم گردبوونەوەیە کرد، پۆستەرەکان چەندین نووسینی لەسەربوو و گوزارشتی لە دۆخی خانەنشینانی ئێران دەکرد، "بژێوی ژیان - کەرامەت مافی بێبەشنەکراوی ئێمەیە"، ئێمە خانەنشینانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی وێڕای پشتیوانی لە نوێنەرانی ئەنجومەنی باڵای کار، داوای دیاریکردنی مووچە لەسەر بنەمای سەبەتەی بژێوی ساڵی ٢٠٢٣ دەکەین".

 

هەروەها لەم گردبوونەوەیەدا یەکێک لە خانەنشینەکان بە ناوی ئەوانەوە وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا وتی: " ژمارەی هەڵاوسانی ٪٥٥ بەو مانایەیە کە ئێمە مامەڵە لەگەڵ زیادبوونی هەڵاوسانی ٪٩٠ دەکەین بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، بە واتایەکی تر ئەو خانەنشینانەی ساڵی ڕابردوو ٨ ملیۆن مووچەیان وەرگرتووە و ئەمساڵیش بۆ ١٠ ملیۆن زیادی کردووە، لە ڕاستیدا مووچەی ٤.٥ بۆ ٥ ملیۆن تۆمان وەردەگرن، ئەمەش بە مانای بەتاڵکردنەوەی گیرفانی خانەنشینی بەنهێنی و کەمکردنەوەی مووچەکانیان دێت."

 

لە میانی گردبوونەوە ناڕەزایەتییەکە شایانی باسە دەستبەجێ پۆلیس گەیشتنە شوێنەکە، ئۆتۆمبێلەکەیان لەبەردەم گردبوونەوەی خانەنشینان وەستاند و بارگرانییەکی دەروونی بۆ دروستکردن، هەروەها بوونی چەندین کەس بە جلوبەرگی مەدەنی لە دەوروبەری کۆبوونەوەکەدا دیار بوو.

 

لە نموونەیەکدا کەسێکی تەمەن ٢٠ بۆ٣٠ ساڵان بە جلی ئاساییەوە بە تەلەفۆنێکەوە لە بەشێکی دیکەی شەقامەکەدا دەڕۆیشت و ئەو دەقانەی لەسەر پلاکاردەکان نووسرابوو بۆ کەسێک لە تەلەفۆنەکەدا دەخوێندەوە، ئاماژەی بەوەداوە کە هێزی پۆلیس لە ناوچەکە ئامادەیە.