ژنانی ئێران بە تۆمەتی جیاواز دەبرێنە بەردەم دادگا

دوو هاووڵاتی بەهایی مەهۆش عەدالەتی عەلی ئابادی و سپێدە کیشاوەرز، خوێندکاری زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران بە ناوی موتەهەرە گونەیی بانگهێشتی داواکاری گشتی زیندانی ئەڤین کران.

ناوەندی هەواڵ

 

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، مەهۆش عەدالەتی عەلی ئابادی و سپێدە کیشاوەرز، دوو هاووڵاتی بەهایی دانیشتووی تاران، کە پێشتر تۆمەتبار بوون بە "چالاکی پڕوپاگەندەیی دژ بە سیستم" لە لایەن لقی ٥٤ی دادگای تێهەڵچوونەوەی تاران، بە ساڵێک زیندانی سزا دران  و بۆ تێپەڕاندنی سزاکەیان گواستراونەتەوە بۆ زیندانی ئەڤین.

 

ساڵی ٢٠١٨ ماڵی مەهۆش عەدالەتی عەلی ئابادی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پشکنینی بۆ کرا و ژمارەیەک کەلوپەلی شەخسی وەک کتێبی ئایینی دەستی بەسەردا گیرا، لە هەمان ساڵدا ئەم هاووڵاتییە بەهاییە بە بانگهێشتنامەیەکی نووسراو بانگهێشتی دادستانی ئەڤین دەکرێت، دوای تەواوبوونی دانیشتنی لێکۆڵینەوە دەستبەسەرکرا و دوای دوو ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا تا کۆتایی دانیشتنەکان.

 

لە هەمان کاتدا سپێدە کیشاوەرز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەرکرا و ڕۆژێک دواتر بە دانانی بارمتە تا کۆتایی لێپرسینەوەکان بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئەڤین ئازاد کرا، لە کاتی دەستگیرکردنەکەدا ئەفسەرەکان ماڵەکەیان پشکنیووە و دەستیان بەسەر بەشێک لە کتێب و کەلوپەلە کەسیەکانیدا گرتووە.

 

ئەم دوو هاووڵاتییە بەهایییە، لە ساڵی ٢٠١٩، لەلایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە تۆمەتی  "کردەوە دژی ئاسایشی وڵات لە ڕێگەی ئیدارەی ڕێکخراوی بەهایی"  بە ٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندانیکردن و تۆمەتبارکردنی  "چالاکی دژ بە سیستم لە ڕێگەی پڕوپاگەندە و بەرەوپێشبردنی بەهاییزم"  سزای ٨ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپێندرا.

 

پاشان ئەو بڕیارە لە لایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تارانەوە دەرچوو،  لەسەر تۆمەتی "مامەڵەکردن لە دژی ئاسایشی وڵات لە ڕێگەی ئیدارەی ڕێکخراوی بەهایی" گۆڕدرا بۆ ٣ ساڵ و ٧ مانگ زیندانی و دواجار ئەم حوکمە لەلایەن لقی ١١ی دادگای باڵا هەڵوەشێنرایەوە و ڕەوانەی لقی ٥٤ی دادگای تێهەڵچوونەوە کرا.

 

بانگهێشتکردنی موتەهەرە گونەیی بۆ داواکاری گشتی زیندانی ئەڤین

بەپێی هەواڵە بڵاوکراوەکان، موتەهەرە گونەیی، خوێندکاری پزیشکی ددان لە زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تاران، بۆ لێپرسینەوە بانگهێشتی لقی ٣ی دادستانی ناوچەی ٣٣ ی تاران کرا لە زیندانی ئەڤین.

 

بەپێی ئەو ئاگادارییە دەرچووە، لە ماوەی ٥ ڕۆژدا دەتوانێت بچێتە لقی ئاماژەی پێکراوە بۆ ئەوەی بەرگری خۆی لە بەرامبەر تۆمەتەکان بخاتەڕوو.

 

موتەهەرە پێشتر بەهۆی چالاکییەکانیەوە لە لایەن ئەنجومەنی دیسپلینی زانکۆی زانستە پزیشکییەکانی تارانەوە بڕیارێکی بۆ دەرچووە، سزای ٥ ساڵ دوورخستنەوەی لە زانکۆ و مافی خوێندنی بەسەردا سەپێندرا.

 

دەستگیرکردنی ئارەزوومەندانە، هێشتنەوەی دەستگیرکراوەکان بە نادیاری، ڕێگریکردن لە دەستڕاگەیشتن بە دەستبەسەرکراوەکان بۆ مافی هەبوونی پارێزەرێکی هەڵبژێردراو و نەبوونی مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە لەلایەن دادوەرەوە، لێپرسینەوەی بێلایەن یەکێکە لەو کارانەی کە بە ئاشکرا بەرامبەر بە دەستگیرکراوەکان دەکرێت لە لایەن ڕژێمی ئێرانەوە.