نەخۆشی لەناوچوونی گەنم هەڕەشە لە ئاسایشی خۆراک دەکات

لێكۆڵینەوەیەكی نوێی زانایان ئاشکرای دەکات، بەهۆی بڵاوبوونەوەی قارچكێك كە كاریگەری لەسەر لەناوبردنی گەنم هەیە، ئاسایشی خۆراك لە ژێر مەترسیدایە و دەكرێت ملیارەها كەس لە جیهاندا برسی بكات.

ناوەندی هەواڵ


زانایان لە لێکۆڵینەوەیەکیاندا ئاماژەیان بەوە کردووە، گەنم یەكێكە لە بەرهەمە خۆراكییە گرنگەكان و ئێستا لە ژێر هەڕەشەی پەتایەك دایە، كە دەبێتە هۆی لەناوبردنی، ئەویش بڵاوبوونەوەی جۆرێكی قارچكە بەناوی "ئاسكۆمایسیتەوە ماگناپۆرتێ ئۆریزای" كە هەڕەشەیە بۆ سەر دانەوێڵە سەرەكییەكان.

 

بەپێی لێکۆڵینەوەکە ئەو جۆرە قارچکە دەتوانێت ببێتە هۆی لەدەستدانی تەواوی بەرهەمەكان، ئێستا زیانەكان بە تێكڕای زیاتر لە ٢٠%ە.


زانایان ڕاشیانگەیاندووە، نەخۆشی لەناوچوونی گەنم لە سێ كیشوەردا لە بارودۆخێكی لەباردایە بۆ بڵاوبوونەوەی بە شێوازێكی بێ وێنە و هەڕەشەیەكی بەرچاویشە بۆ سەر ئاسایشی خۆراكی جیهانیی.


ئەم جۆرە نەخۆشییەی ڕووەك بۆ یەكەمجار لە ساڵی ١٩٨٥ لە بەرازیل دەركەوت و چەند ساڵی ڕابردوودا لە بەنگلادیش و زامبیا بڵاوبووەوە، لەساڵی ٢٠١٦شدا بووە هۆی لەدەستدانی تێكڕای بەرهەم بەڕێژەی ٥١% لە بەنگلادیش.