باشووری کوردستان هاوکاری بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەنێرێت
دوای بوومەلەرزەکەی لە مەرەش و دیلۆک ڕوویدا و بووە هۆی گیان لەدەستدان و بێ ماڵوحاڵ بوونی دەیان هەزار کەس، باشووری کوردستان کەمپەینی کۆکردنەوەی هاوکاری دەستپێکرد و پشتیوانی لە کوردانی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکات.
ناوەندی هەواڵ
ئیدارەى گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، لەبارەى پرسی بەهاناوەچوونی لێقەوماوانی بومەلەرزە کارەساتبارەکەی باکوور و ڕۆژئاواى کوردستان ئەمڕۆ کەمپەینى کۆکردنەوەى هاوکارى ڕادەگەیەنین، داواش لە لایەنە سیاسیەکان، رێکخراوە خێرخوازیی و کۆمەکبەخش و مەدەنیەکان و چالاکان و خێرخوازان و کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دەکەن کە وەک ئەرکێکی نیشتمانی تێیدا بەشداربن.
هەر ئەمڕۆ لە ئیدارەى ڕاپەڕین کەمپەینى کۆکردنەوەى هاوکارى بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەى باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیەندرا و هاوکارییەکان لەبەردەم سەرۆکایەتى زانکۆى ڕاپەڕین- کەمپى ڕانیە کۆدەکرێتەوە.
هاوکات، قائیمقامیەتى سلێمانى بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە سلێمانی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ لێقەوماوانی بومەلەرزەکەى باکووری کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان و ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیەندراوە و لە ئەمنە سوورەکەی شاری سلێمانی هاوکارییەکان کۆدەکرێتەوە.
جێگەى ئاماژەیە، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە، ٦ی شوبات بوومەلەرزەیەك بە گوڕی ٧.٨ پلە بە پێوەری ڕێختەر بەشێك لە ناوچەكانی باكووری كوردستان و توركیا، ڕۆژئاوای کوردستان و سوریای گرتەوە و دواتر چەندین بوومەلەرزەی تر ئەو ناوچانەی هەژاند.