دووەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ژنان بەڕێوەدەچێت

بڕیاره‌ به‌ دروشمی "شۆڕشی ئێمه‌ ئازادكردنی ژیانه‌"، له‌ ڕۆژانی ٥ و ٦ی تشرینی دووەم، دووەمین کۆنفڕانسی نێودەوڵەتی ژنان لە شاری بەرلین له‌ ئه‌ڵمانیا به‌ڕێوه‌بچێت.

ناوەندی هەواڵ

 

دووەمین کۆنفڕانسی نێودەڵەتی ژنان لە ڕۆژانی ٥-٦ی تشرینی دووەم لە بەرلینی وڵاتی ئەڵمانیا بەڕێوەدەچێت، تیایدا  بزوتنه‌وه‌كانی ژنان، به‌ پێشه‌نگایه‌تی بزووتنەوەی ژنانی کورد له‌ كیشوه‌ره‌كانی ئەمریکای باشوور، ئاسیا، ئەفریقا و ئەوروپا به‌شداری ده‌كه‌ن، كه‌ له‌لایه‌ن تۆڕی "ژنان داهاتوو بنیاد ده‌نێن" ڕێکخراوە، هەروەها زیاتر له‌ ٨٠٠ ژن له‌ ٤١ وڵاتی جیهان، ناویان بۆ به‌شداریكردن له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌ تۆمار كردووه‌.

 

کۆنفڕانسەکە لە ٥ پانێڵی سەرەکی پێکدێت:

-شەڕی سێهەمی جیهانی و پچڕاندنی کۆت و زنجیری پیاوسالاری و دەوڵەت.

-وۆرک شۆپ

-دامەزراندن- ژیانی خوازراو نەک بە مەعجیزە و پەرجو، بەڵکوو بە شۆڕش دێتەدی

-ڕوانگەی ئێمە- ئازادکردنی ژیان

-دۆزینەوەی ڕێگاکەت

 

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان له‌ ماوه‌ی دوو ڕۆژی كۆنفڕانسه‌كه‌دا به‌شداربووان باس له‌ ئه‌زمونه‌كانیان ده‌كه‌ن و بۆچوونی خۆیان له‌باره‌ی ئامانجی كۆنفڕانسه‌كه‌ ده‌خه‌نه‌ڕوو و هه‌روه‌ها باس لەوە دەکرێت، کە چۆن ژنان دەتوانن بەدیل بۆ هەموو ئەو بوارانە دروستبکەن، کە پیاوان تێیدا زاڵن، هه‌روه‌ها له‌ وۆرکشۆپەکەدا گفتوگۆ له‌باره‌ی سیاسەتەکانی هێنانە ناوەوەی بزووتنەوەکانی ژنان لە سیستەمەکەدا و ڕێگاکانی ڕزگاریخوازی دەکرێت.

 

جێی بەبیرهێنانەوەیە کە یەکەمین کۆنفڕانسی نێوده‌وڵه‌تی ژنان ڕۆژانی ٦ و ٧ تشرینی یەکەمی ٢٠١٨ لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا بە ناونیشانی "شۆڕشێک لە ئاستی دامەزراندندا" بەڕێوەچوو.