مامۆستایانی وانەبێژ داوا دەکەن تا ساڵی نوێی خوێندن داواکارییەکانیان جێبەجێبکرێت

لە پاش ئەو بەڵێنانەی بە مامۆستایانی وانەبێژ دراوە دەربارەی دامەزراندنیان، ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ بەیاننامەیەکیان ئاڕاستەی لایەنی جێبەجێکار کرد بەو ئامانجەی داواکارییەکانیان تا ساڵی نوێی خوێندن جێبەجێبکرێت و کێشەکانیان چارەسەر بکرێت.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ مامۆستایانی وانەبێژ لە باخی گشتی شاری سلێمانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیان بەست و داوایانکرد تا ساڵی نوێی خوێندن داواکارییەکانیان جێبەجێ بکرێت.

 

کۆنگرەکە بە بەشداربوونی ژمارەیەک مامۆستای وانەبێژ لە شاری سلێمانی و دەوروبەری ئەنجامدرا، تێدا بەیاننامەی مامۆستایان وانەبێژ خوێندرایەوە و ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەرلەمانی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە و وەزیری پەروەردە کرا.

 

لە بەیاننامەکەدا ئاماژەیان بەوەدا مامۆستایانی وانەبێژ ماوەی چەندین ساڵە خزمەتیان بە خوێندکاران و پەروەردە کردووە، بەڵام ئەوەی ڕوون نییە پلانی حکومەت و وەزارەتی پەروەردەیە بۆ دامەزراندنیان، بۆیە وەک نوێنەرانی مامۆستایانی وانبێژ هۆشداری خۆمان بە وەزیری پەروەردە و تەواوی خەمخۆرانی پەروەردە لە چەند خاڵێکدا ڕادەگەیەنین.

 

١-تەواوی ئەو بۆچوون و پلانانەی لە کۆبوونەوەی بەرواری ٣٠ی ئایار لە وەزارەتی پەروەردە پێشنیار کراوە بۆ دامەزراندنی مامۆستایانی وانبێژ پێش دەستپێکردنەوەی ساڵی نوێی خوێندن کاری لەسەر بکرێت و لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیشدا پێداگری لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی هەرچی زووە دەرگای دامەزراندن بە ڕووی مامۆستایانی وانەبێژ بکرێتەوە.

 

٢- هەوڵ بدرێت لە پڕۆژە یاسای پەروەردە کە لە ئێستادا لە پەرلەمانی کوردستانە دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە یاسایەک بچەسپێندرێت کە حکومەت پەیوەست بکات بە جێبەجێکردنییەوە بۆ ئەوەی بە یەکجار کێشەی مامۆستایانی وانەبێژ و کەمی مامۆستا لە پەروەردە چارەسەر ببێت.

 

٣- مامۆستایانی وانەبێژ لەگەڵ وەستاندنی هیچ پڕۆسەیەکی خوێندن و پەروەردەدا نین ئەگەر بێ بەڵێنی حکومەت ناچاریان نەکات.

 

٤- هەموو بەڵێن شکاندن و کات کوشتنێکی وەزارەتی پەروەردە بۆ ساڵی نوێی خوێندن، بایکۆتی مامۆستایانی وانەبێژ و پەککەوتنی سیستمی خوێندنی لێدەکەوێتەوە.