لە ئیسپانیا پێناسەی دەستدرێژی سێکسی دەگۆڕێت

پەرلەمانی ئیسپانیا پڕۆژە یاسایەکی نوێی پەسەند کرد کە چوارچێوەی تاوانی دەستدرێژی سێکسی فراوان بکات، وەزیری یەکسانی، ئیرین مۆنتێرۆ وتی ئیسپانیا ئێستا دەبێتە وڵاتێکی پارێزراو بۆ ژنان.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ئیسپانیا دەستدرێژی سێکسی لەنێوان "دەستدرێژی" و "پەیوەندی سێکسی بەبێ ڕەزامەندی" دابەش دەبێت، بەپێی یاسای پێشوو، بۆ ئەوەی هێرشەکە وەک دەستدرێژی سێکسی ببینرێت، پێویست بوو هێرشبەرەکە توندوتیژی جەستەیی بەرامبەر دەستدرێژیلێکراو ئەنجام دابێت، بەڵام بەپێی یاسا نوێیەکە، ئەو کەسانەی دەستدرێژییان دەکرێتە سەر، ناچار نین بیسەلمێنن کە توندوتیژییان بەرامبەر کراوە، هەر جۆرە کردەوەیەکی سێکسیش ئەگەر ڕەزامەندی ژنەکەی لەسەر نەبێت بە توندوتیژی لە قەڵەم دەدرێت.

 

یاساکە بە ٢٠١ دەنگی بەڵێ پەسەند کرا

ئەنجومەنی ئیسپانیا پڕۆژە یاسایەکی نوێیان پەسەند کرد کە باس لە تاوانەکانی دەستدرێژی دەکات بە بەرفراوانی و ماوەی دوو ساڵە کاری لەسەر دەکرێت، پرۆژە یاساکە، بە ٢٠١ دەنگی بەڵێ، ١٤٠ نەخێر و ٣ بێلایەن پەسەندکرا، بۆ ئەوەی بە تەواوی جێبەجێبکرێت و کاری پێبکرێت دەبێت لەلایەن ئەەنجومەنی پیرانەوە پەسەند بکرێت.

 

وەزیری یەکسانی، ئیرین مۆنتێرۆ، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆتایدا بە دروشمی "تەنها بەڵێ بەڵێیە" و "باوەڕ بە تۆ دەکەم" یاساکە گۆڕانکاری بەسەرداهات، لە ئەمڕۆوە ئیسپانیا بۆ ژنان دەبێتە وڵاتێکی پارێزراو و ئازادتر.