هەولێر، پاش ٣ ڕۆژ ژنێک بە خنکاوی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە

دوێنێ لە شاری هەولێر ژنێک کە خنکانەکەی گوماناوییە، پاش سێ ڕۆژ لە خنکانی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە.

هەولێر

 

ئێواره‌ی دوێنێ، ٢٥ی ئایار، تەرمی ژنێکی ٦٧ ساڵ بە هەڵواسراوی لە ماڵەکەیدا لە شاری هه‌ولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان دۆزرایەوە، گومان لەسەر خنکانەکەی هەیە.

 

ژنە خنکاوەکە ناوی "ته‌مینه‌ عه‌زیز عه‌وڵا"یە، هاوژینەکەی بە ناوی "ڕزگار" بازرگان بووە و لە وڵاتی ئەمریکا ژیاون، پێش ماوەیەک گەڕاونەتەوە و لە شاری هەولێر درێژەیان بە ژیان داوە، بەر لە ٦ مانگ هاوژینەکەی بەهۆی پەتای کۆرۆنا گیان لەدەستدەدات.

 

تەمینه عەزیز عەوڵا، کە منداڵی نەبووە و تەمەنی ٦٧ ساڵە، لەگەڵ بنەماڵەی ڕزگاری هاوژینی بەهۆی سەروەت و سامانەوە کە بۆ تەمینه ماوەتەوە کێشەیان بۆ دروستدەبێت.

 

پاش سێ ڕۆژ لە نەبوونی دەنگی تەمینه، دوێنێ ٢٦ی ئایار براکەی سەردانی دەکات و بە هەڵواسراوی لە ماڵەکەی خۆیدا دەیدۆزێتەوە.

 

ته‌رمی ژنەکە‌ ڕه‌وانه‌ی پزیشكی دادی هه‌ولێر كرا‌ و لێکۆڵینەوە لە دۆسیەکە دەستیپێکردووە، ئاژانسی نوژنها هەوڵیدا زانیاری دەستبکەوێت بەڵام پۆلیس وەڵامی نەدایەوە و هیچ ڕاگەیەندراوێكی فەرمیش لەسەر ڕووداوەکە بڵاونەکراوەتەوە.