هۆشیاری سۆشیاڵ میدیایی بۆ خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان

لە پێناو باشترکردنی دۆخی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت و گرنگی هۆشیاری دیجیتاڵی و سۆشیاڵی و زیاتر هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا خولێکی ڕاهێنانی سۆشیاڵی لە غەزە ئەنجامدرا.

غەزە

 

سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی فەڵەستینی بە هاوکاریی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری و هزری ئازاد خولێکی سێ ڕۆژەی لەسەر چەمک و مافەکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت ڕێکخست، ئەم ڕاهێنانە بە ئامانجی فێربوونی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە بوارەکانی پەروەردە، چاودێری تەندروستی، گرفتەکانی فێربوون ڕێکخرا.

 

لە میانەی مەشق و ڕاهێنان، سوڵتان جەحا، ڕاوێژکاری ڕاگەیاندنی کۆمەڵایەتییەکان، وتی: "یەکێک لە باشترین ڕێگاکان بۆ بەرزکردنەوەی کێشەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان بە گشتی و ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت بە تایبەتی، ڕێگای سۆشیاڵ میدیا و دیجیتاڵییە، بەکارهێنانی ئەم ڕێگایە سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، چونکە کێشەی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان پێویستە بگەیەندرێتە تەواوی کۆمەڵگا و تیایدا هۆشیار ببنەوە، لە گرنگی کێشەی خاەن پێداویستییە تایبەتەکان تێبگەن".

 

ئاماژەی بەوەشدا بە تایبەتی ئەو ژنانەی خاوەن پێداویستی دەروونین، زیاتر پێویستیان بەوەیە کۆمەڵگا هۆشیار ببنەوە لە ئاستیاندا و بزانن بە چ شێوازێک مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن.

 

سەحەر بەنا، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری یەکێتی ژنانی فەڵەستین وتی: "دەرەنجامی خولەکە سەرکەتوو بووە، چونکە ئەو زانیارییانەی بڵاوکرانەوە بە شێوازی پراکتیکی و تیۆری بوون، پرسی سەرەکی ناو خولەکەش بەکارهێنانی وشەی گونجاو بوو لەناو میدیادا بەرامبەر کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت بۆ ئەوەی لە هیچ ڕوویەکەوە ڕووبەڕووی لێدان نەبنەوە".

 

لەلایەکی دیکەوە حەنین جەودە، ئاماژەی بەوەدا، لە کۆمەڵگایەکدا ژیان دەکەن کۆمەڵگایەکی داخراوە و کۆمەڵێک هەن ژنان بە کەم ئەقڵ دەزانن، بۆیە دۆخی ژنانی خاوەن پێداویستی تایبەت لە دۆخێکی خراپدایە.