هەرێمی کوردستان ئارام نییە بۆ ژنان؛ ژنێک بریندار کرا و هێرش کرایە سەر ماڵێکی دیکە

لە دوو ڕووداوی جیاوازدا، دوو پیاو لە شاری هەولێر و شارۆچکەی چەمچەماڵ هێرش دەکەنە سەر ماڵە خەزوورانیان و لە هێرشەکەی شاری هەولێردا هاوژینی پیاوەکە بریندار دەبێت و لە شارۆچکەی چەمچەماڵ دراوسێیەک دەکوژرێت.

ناوەندی هەواڵ

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕۆژئاوای سلێمانی، ١٤ی ئایار ڕایگەیاند، بەهۆی کێشەی نێوان دوو هاوژینەوە بە ناوەکانی "د. ا. م." و "ت. ي. م." کە دانیشتووی شاری سلێمانین، ژنەکە "ت. ي. م." دەچێتەوە ماڵی باوکی لە بانمەقانی سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ، شەوی ١٢/١٣ی ئایار پیاوەکە بە چەکەوە هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی خەزووری و تەقەیان لێدەکات، لە ئەنجامدا هاوڵاتییەکی دراوسێییان بە ناوی جومعە عەلی عومەر، فیشەکی بەردەکەوێت و گیان لەدەستدەدات.

 

لە دوای هێرشەکە تۆمەتبار و کەسێکی دیکە بە ناوی ب. م. ا. بەپێی ماددەی ٤٠٦ دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت.

 

لەلایەکی دیکەوە دوێنێ لە گەڕەکی شۆڕشی شاری هەولێر، پیاوێکی دیکە هەڵدەکوتێتە سەر ماڵی خەزووری، لە ئەنجامدا هاوژینەکەی و برای هاوژینەکەی بریندار دەکات، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ئاماژەی بەوەدا کە کێشەی دوو هاوژینەکە گەشتبووە بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی خێزان و ژنان و بنکەی پۆلیسی منارە، بەڵام گشتاندنی بۆ کراوە و بەپێی مادەی ٤٠٥ی بڕگەی ٣١ی سزادانی عێراقی فەرمانی دەستگیکردن بۆ تۆمەتبارەکە دەرچووە و شەوی ڕابردوو دوای هێرشەکە دەستگیرکراوە.

 

جێی ئاماژەیە، لە مانگی ئایاردا چەندین ڕووداوی هاوشێوە لە هەرێمی کوردستان ڕوویانداوە، بەشێک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراون و بەشێکی دیکەشیان هەڵهاتوون، یەکەم ڕووداوی هێرشکردن لە ٢ی ئایار، یەکەم ڕۆژی جەژنی ڕەمەزان، پیاوێک هەڵیکوتایە سەر ماڵە خەزورانی و هاوژینەکەی، خوشکی هاوژینەکەی و دوو کەسی دیکەی خێزانەکەی کوشت و دایکی ژنەکەش برینداربوو.