بەڕازیل ڕووبەڕووی لافاو و داڕمانی زەوی دەبێت

بەهۆی لافاو و داڕمانی زەوی لە ویلایەتی ساوپاولۆی کەنار دەریا، لە بەڕازیل زیاتر لە ٤٤ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بێسەروشوێن بوون.

ناوەندی هەواڵ

 

بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا لە وڵاتانی جیهان کارەساتە سرووشتییەکان زیادیکردووە و بەهۆی لافاو و داڕمانی زەوی لە ویلایەتی ساوپاولۆی کەنار دەریا، لە بەڕازیل زیاتر لە ٤٤ کەس گیانیان لەدەستدا و دەیان کەسیش بێسەروشوێن بوون، سەدان ڕزگارکەر بەدوای قوربانیانی کارەساتە سرووشتییەکەدا دەستیان بە گەڕان کرد.

 

زۆرترین زیان لە شاری ساو سێباستیۆ لە ویلایەتی ساوپاولۆ بووە کە زیاتر لە ٣٥ کەس گیانیان لەدەستداوە، ئەو کارەساتە سرووشتییە لە ناوچەیەکدا ڕوویدا کە بەناوبانگە بە کەناراوەکان کە شاخەکان دەوریداوب، ئەم ڕووداوە سرووشتییە بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی ئاهەنگەکانی کەرنەڤاڵ لە زۆرێک لە شارەکاندا، کە ئێستا لە شوێنەکانی دیکەی وڵاتدا بە تەواوی پەرەی سەندووە.

 

حکومەتی ویلایەتی ساوپاولۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، نزیکەی ٨٠٠ کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون و هەزار و ٧٣٠ کەسیش ئاوارەبوون، لە گرتە تەلەفزیۆنییەکاندا دەرکەوتووە کە بەهۆی لافاوەوە ماڵەکان تەنها سەقفەکانیان دیار بووە، دانیشتووان بەلەمی بچووکیان بەکارهێنا بۆ گواستنەوەی کەلوپەل و خەڵک بۆ شوێنی ئاستی بەرز.

 

هێزە سەربازییەکان بەهەمان شێوە بەشداریان لە هەوڵەکانی گەڕان و ڕزگارکردندا کردووە، بەهۆی داڕمانی زەوییەوە بەشێکی ڕێگاکان داخراون دەستگەیشتن بە کەسانەی لەو ناوچانەدا ماونەتەوە سەختبووە.

 

بەهۆی خزان و داڕمانی زەوییەوە نزیکەی ٥٠ خانوو لە شارەکەدا ڕووخاون و ژێر ئاوکەوتوون، چەندین ڤیدیۆی وێرانکاری و هەوڵەکانی گەڕاندا بڵاوکراوەتەوە، لەنێویاندا ڤیدیۆیەکی منداڵێکی ساوا هەی کە لەلایەن خەڵکی ناوچەکەوە ڕزگار دەکرێت کە لە شەقامێکی لافاواویدا بەجێماوە.

 

لە کۆتایی هەفتەدا بارانبارین لە ساو سێباستیۆ لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ٦٠٠ ملیمەتری تێپەڕاندبوو، ئەمەش لەنێو گەورەترین بارانبارینی لەو شێوەیەدایە کە لە ماوەی کورتدا لە بەڕازیلدا باریووە، حکومەت داوایکردووە ئەو کەسانەی لە ناوچە نزمەکاندا دەژین ماڵەکانیان بگوازنەوە بۆ شوێنەکان کە ئاستی زەوی تیایدا بەرزترە

 

بەپێی بەیاننامەیەکی حکومەت، بارانبارینی بەخوڕ کاریگەری لەسەر خزمەتگوزارییەکانی ئاوی پاک، کارەبا و تەلەفۆن هەبووە، کە لە تویتەر ڤیدیۆیەکی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا ٣٠ هەزار لیتر ئاو دەگوازرێتەوە بۆ ساو سێباستیاو، هەروەها بەتانی و کیسی خەوتن و دۆشەک و پێداویستی پزیشکی ڕەوانە کراوە بۆ ناوچە زیانلێکەتووەکان.