ژمارەی گیانلەدەستدانی بوومەلەرزەکە ٣٣ هەزار کەسی تێپەڕاندووە

ئەمڕۆ یەکشەمە ژمارەی گیانلەدەستدانەکان ٣٣ هەزار و ١٧٩ کەسی تێپەڕاند، کەسی دیکە لە کارەساتەکەدا برینداربوون، بەهۆی ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی بەڵێندەرانی بیناسازی لە تورکیا و باکووری کوردستان دەکرێت ١٣٠ کەس دەستگیرکران.

ناوەندی هەواڵ

 

بەرپرسانی دادی تورکیا زیاتر لە ١٣٠ کەسیان کردە ئامانج کە گوایە تێوەگلاون لە بونیاتنانی بیناسازی بە شێوازی نایاسایی، لەکاتێکدا ڕزگارکەران و تیمەکانی فریاگوزاری کەسانێکی زیاتریان دەرهێنا لە ژێر داروپەردووی باڵەخانەکان، لەنێویاندا ژنێکی دووگیان و دوو منداڵی بچووک هەبوو، ئەمەش دوای شەش ڕۆژ لە بوومەلەرزە و ڕووخانی هەزاران باڵەخانەیە.

 

ژمارەی گیانلەدەستدانی بوومەلەرزەکانی ڕۆژی دووشەممە کە تورکیا و باکووری کوردستان، سوریا و ڕۆژئاوای کوردستانی گرتەوە، ئەمڕۆ یەکشەممە ژمارەی گیانلەدەستدانەکان ٣٣ هەزار و ١٧٩ کەسی تێپەڕاند  کە ٢٩ هەزار و ٦٠٥ کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان و سێ هەزار و ٥٧٤  کەسیش لە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان گیانیان لەدەستداوە و ئەم ژمارەیەش بەردەوام بەرز دەبێتەوە لە کاتێکدا تیمەکانی گەڕان بەدوای تەرمی زیاتر لەناو داروپەردووەکاندا دەدۆزنەوە، دەسەڵاتداران ڕایانگەیاندووە، زیاتر لە ٩٢ هەزار و ٦٠٠ کەسی دیکە لە کارەساتەکەدا برینداربوون.

 

لە کاتێکدا نائومێدی و توڕەیی لە هەوڵە هێواش و خەمساردەکانی ڕزگارکردندا هەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە و حکومەت هاوکاری پێویستی نە گەیاندوەتە ناوچە زیانلێکەوتووەکان، سەرنجەکان لەسەر کەموکورتییە ئەندازیارییەکانە بەهۆی ئامادەنەکاری پێویست لە شارەکانی باکووری کوردستان، و ناوچەکانی سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان کە بەدەست ساڵانێک شەڕی ناوخۆوە دەناڵێنێت.

 

هەرچەندە تورکیا لەسەر کاغەز کۆدی بیناسازی هەیە کە ستانداردەکانی ئێستای ئەندازیاری بوومەلەرزە دەگرێتەوە، بەڵام زۆر بە دەگمەن جێبەجێ دەکرێن، ئەمەش ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی هەزاران بینا بەتەواوی داڕمان.