گەرمیان، ژنێکی گەنجی ١٨ ساڵ بە گوماناوی خنکا

شەوی ڕابردوو لە شارۆچکەی کەلار ژنێکی گەنجی ١٨ ساڵ بە گوماناوی کۆتایی بە ژیانی هات و هۆکاری ڕووداوەکە تا ئێستا نەزانراوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئێوارەی دوێنێ ژنێکی گەنجی ١٨ ساڵ بە ناوی ئەژین محەمەد ساڵح، خوێندکاری پۆلی ١٢ی ئامادەیی لە گەڕەکی بنگردی شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەریمیان بە گوماناوی خنکا.

 

عەلی جەمال قەدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان لە ڕاگەیەندراوێکیدا ڕایگەیاند، "ئێوارەی پێنج شەمە لە گەڕەکی بنگردی قەزای کەلار ژنێکی گەنج بەناوی ا. م. ص. لەدایکبووی ساڵی ٢٠٠٤ و لە پۆلی ١٢ی ئامادەیی بنەڕەتی لەماڵی خۆیان خۆی هەڵواسی و گیانی لەدەستدا".

 

دوابەدوای ڕووداوەکە تەرمەکەی گواستراوەتەوە بۆ پزیشکی دادوەری شارۆچکەی کەلار و توێکاری بۆ کراوە، هاوکات بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی گەرمیان پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لەسەر ڕوداوەکە کردووەتەوە.

 

ڕووداوەکانی کوشتن و ناچار بە خۆکوشتنی ژنان تا دێت ڕوو لە هەڵکشانە، فشارە دەروونیی و ژیانییەکان، ئەقڵیەتی پیاوسالاری و موڵکیەتی وایکردووە ژنان بکوژرێت یاخود پەنا بۆ خۆکوشتن ببەن، جێی بەبیر هێنانەوەیە هەفتەی ڕابردوو، ٢٢ی نیسان، تەنها لە ماوەی دوو ڕۆژدا سێ حاڵەتی کوشتنی ژنان کە دوانیان لە شاری هەولێر بوو، تۆمار کراوە.