دایکانی ئاشتی داوای ئاشتییەکی دادپەروەرانە دەکەن
دایکانی ئاشتی لە شارە جیاوازەکانی باکووری کوردستانەوە، هەڵگری ئازاری زیان و مەینەتی، بۆ داوای ئاشتییەکی دادپەروەرانە و ئازادی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان کۆبوونەوە، جەختیان لەوە کردەوە کە ئاشتی پێویستی بە هەنگاوی ڕاستەقینەی دەوڵەتی تورک هەیە.

ئاژین دیلەک ئۆنجەل
ئامەد- دوای ١٢ ساڵ، شاری ئامەد لە باکووری کوردستان لە ڕۆژانی ١٨ و ١٩ی تشرینی یەکەم میوانداری سێیەمین کۆنگرەی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی کرد، بە ناونیشانی "دایکان: پێشەنگەکانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتی هەمیشەیی" کۆنگرەکە بەڕێوەچوو، دەیان دایک لە شارە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیاوە بەشدارییان کرد، سەرپۆشی سپییان لەسەردا بوو وەک دەربڕینێکی هێمای ئاشتی، ئەم ڕووداوە خواستەکانیان بۆ داهاتوویەکی دادپەروەرتر بەرجەستە کرد.
دایکانی ئاشتی کە بەشداربوون لە کۆنگرەکەدا خەباتێکی هاوبەشیان هەبوو، هەندێکیان لە خەباتی ئازادیدا کوڕەکانیان لەدەستدا، هەندێکی دیکەشیان هاوژی یان برایان لەدەستدا و هەندێکیش گوندەکانیان سووتێنرا یان خزمەکانیان زیندانی کران، ئەم ئازارە هاوبەشە لە ئامەد کۆی کردنەوە و جارێکی تر دەنگیان بەرزکردەوە بۆ داوای ئاشتی و ئازادی.
"ئاشتی تاکلایەنە بونیاد نانرێت... هەنگاوەکانی دەوڵەت لە کوێن؟"
سەبارەت بە خواستەکانیان بۆ پڕۆسەی ئاشتی و بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیکی هەمەلایەنە، ئایتن یاسلی، ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە ئەستەنبوڵ، جەختی لەوە کردەوە، کە ئاشتی تەنها بە هاوکاری نێوان هەردوولا بەدی دێت، وتی: دەوترێت ئاشتییە، بۆیە با شایستەی خۆی پێ بدرێت، بەڕێز ئۆجەلان ئەوەی پێویست بوو بیکات، کردی و بانگەوازێکی دەرکرد، پەکەکە بە دانانی چەک وەڵامی دایەوە، کوردەکانیش وەڵامی ئەرێنییان بۆ پرۆسەکە داوەتەوە، بەڵام ئەی دەوڵەتی تورکیا؟ لە بەرامبەردا چیتان پێشکەش کردووە؟
ئاماژەی بەوەشکرد، کورد هەنگاوی بناغەی بەرەو ئاشتی ناوە و پاشەکشە ناکات، هۆشداریشیدا لە هەوڵەکانی وەستان، وتیشی: دەمانەوێت بە ئازادی بە زمانی دایکی خۆمان قسە بکەین و داوای ئازادکردنی ڕۆڵە دەستبەسەرکراوەکانمان بکەین، هیوادارین دایکی سەرباز و شەڕڤانان واز لە ماتەمینی بێنن و میدیاکان بە ڕاستی و بابەتیانە ئەم قۆناغە ڕابگەیەنن، بە کەمی مەزانن، چونکە هەمیشە لە گۆڕەپانەکاندا بووین، هەروەها ئەوان باش دەزانن کە ئێمە چیمان بەدەستهێناوە، ئێمە بەردەوام دەبین لە تێکۆشانمان تا ئاشتییەکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە بەدەست بهێنین کە شایەنی شکۆمەندی ئێمەیە.
بە ڕوونی هەڵوێستی خۆی دەربڕی، وتی: دەمەوێت دەنگی من بگاتە هەموو لایەک؛ بەڕێز ئۆجالان سەرکردەی ئێمەیە، داوای ئازادی ئەویش دەکەین، هەر بۆیە دەبێت لیژنەکە بچێت و ڕاستەوخۆ چاوی پێی بکەوێت، ئێمە بەردەوامی زیندانیکردنی قبوڵ ناکەین، بەردەوام دەبین لە پێڕەوی ئەم پرۆسەیە تا ئەو کاتەی ئاشتییەکی ڕاستەقینە و دادپەروەرانە بەدی دێت.
"ئاشتی بەتەنها داواکاری کورد نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی هەموو گەلانە"
ئامینە ئەرباک، ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە ئەستەنبوڵ داوای ئاشتییەکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنەی کرد، جەختی لەوە کردەوە، کە ئاشتی تەنها لە کورددا سنووردار نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتی هەموو گەلانە، دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەنگاوێکی ڕاستەقینە بنێت، بەڕێز ئۆجالانیش ئازاد بکرێت، لەگەڵ هەموو زیندانیانی سیاسی.
زەکیە کایا، ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە شاری وان، هیوای خۆی دەربڕی کە ئەم کۆنگرە دوا کۆنگرە بێت بۆ ئاشتی، و ئاشتی ڕاستەقینەی خوازراو بەدی بهێنرێت.
سەبارەت بە لەدەستدانی بەشێکی زۆر لە کەسوکارەکەی لە خەباتی ئازادیدا، وتی: خوێن بەخوێن ناشۆردرێت، ئێمە ئەو وانەیەمان لە ساڵانی شەڕ وەرگرتووە، کە تیایدا بە لەدەستدانی منداڵەکانمان باجێکی قورسمان داوە، بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانی ڕاستەقینە بەدی بهێنرێت، دەبێت دادپەروەری بەدی بهێنرێت، ئایا بەردەوام دەبین لە قوربانی؟، تەنها لەبەر ئەوەی ئێمە کوردین؟ ئێمە ئەوانەین کە ساڵانێکە بە هۆی ناسنامەی کوردایەتیمانەوە قوربانی دەدەین.
زەکیە کایا هۆشداریدا لە بەفیڕۆدانی ئەو دەرفەتە، وتی: ئەمە دوا دەرفەتە بۆ ئاشتی، بۆیە زۆرترین سوودی لێوەربگرن، لەم قۆناغەدا بەرپرسیارێتی خۆمان لە ئەستۆ گرتووە، و بەردەوام دەبین لە کارکردن تا ئاشتییەکی دادپەروەر و شەرەفمەندانە بەدەست دێت.
"لە هەموو ماڵێکدا، گەنجێکی ئالوودەبوو هەیە، بێ چارەسەرکردنی پرسی کورد ئارامی نییە"
مەیاسەر کۆرکماز، ئەندامی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە ئورفا تیشکی خستە سەر خراپتربوونی قەیرانە کۆمەڵایەتییەکان کە لە ئەنجامی چارەسەرنەکراوی پرسی کوردەوە سەرهەڵدەدات، وتی: رۆژهەڵاتی ناوەڕاست قەیرانێکی قوڵی بەخۆیەوە بینیوە، لە تورکیاش هاوڵاتیانێکی زۆر بەدەست ناهاوسەنگییەکی دەروونییەوە دەناڵێنن، هەروەها ناهاوسەنگییەکی کۆمەڵایەتی ڕوون و ئاشکرا هەیە، نزیکەی هەموو ماڵێک گەنجێکی هەیە کە ماددەی هۆشبەر بەکاردەهێنێت، من وەک هاوڵاتییەکی ئورفا بە تایبەتی زۆر حاڵەتی ئازاربەخشم بینیوە، گەنجان نوقم بوون لە سووڕێکی ئالوودەبووندا و ئەم دیاردەیە لە ڕەگ و ڕیشەی پرسی کورد جیا ناکرێتەوە، لەم بارودۆخەدا چۆن خێزانەکان دەتوانن چێژ لە ئارامی وەربگرن؟
بەبیری هێنایەوە کە دایکانی کورد لە خەباتی ئازادیدا زیاتر لە ئەندامێکی خێزانەکەیان لەدەست داوە، جەخت لە ئازارەی هەر دایکێک دەکاتەوە کە بەشداری لە کۆنگرەکەدە کرد، لەگەڵ ئازاری ئەوانی دیکەدا دەبڕێت، لە دیمەنێکی خەم و پەژارەی هاوبەش و ئازاری هاوشێوەدا.
دووپاتی کردەوە، کە بانگەوازی "ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک" خاڵی وەرچەرخان بوو، بەو پێیەی چیتر دایکان لە ماڵەکانیاندا قەتیس نەبوون، بەڵکو ڕۆژانە ڕژانە سەر شەقامەکان و داوای ئاشتی دەکەن، لە مەیدانەکاندا درێژە بە خەباتی خۆیان دەدەن تا هیوا بەدی دێت.
"ئێمە بەرگەی ئازارەکانمان گرتووە، بەردەوامیش دەبین لەسەر ڕێگاکەمان، ئێمە چارەسەرمان دەوێت نەک تەنها بەڵێن"
ئەمینە ئەرگونەر، دایکی ئاشتی هاوڵاتی ناوچەی چیفر لە چولمێرک، هیوای خۆی دەربڕی کە ئەم کۆنگرەیە یارمەتیدەر بێت بۆ گەیشتن بە ئازادی جەستەی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، وتی: دایکەکان ترسناکییەکانی شەڕیان ئەزموون کردووە، بە چاوی خۆیان تەرمی پارچەکراوی کوڕەکانیان بینیوە و تووشی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان بوون، سەرەڕای هەموو ئەمانەش بە شکۆمەندی و شانازییەوە دەستیان بە ئارامییەوە گرتووە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەڕێز ئۆجالان بەرپرسیارێتییەکانی خۆی لە ئەستۆ گرتووە و ڕۆڵی خۆی بەجێگەیاندووە، هەروەک چۆن پارتیش وتی: ئێمە لەسەر زەوی خەبات دەکەین بۆ ئازادی ئۆجالان و بۆ ئازادی گەلەکەمان، ئەمە ئەرکی ئێمەیە، بەڵام بەس نییە بەردەوام بین لەسەری، پێویستە بگەینە چارەسەرێک، دەرئەنجامێکی بەرجەستە کە کۆتایی بەم ئازارە بهێنێت و دەرگایەکی ڕاستەقینە بۆ ئاشتی بکاتەوە.
"پێنج کەسی خۆشەویستم لەدەستداوە، نامەوێت دایکێکی دیکە بگریت"
ئەسمەر تونچ، دایکی محەمەد تونچ، سەرۆکی ئەنجومەنی گەلی جزیرە، بن عمر و ئۆرهان تونچ لە نێو دایکانی بەشداربووی کۆنگرەکەدا بوو، لە کاتی قەدەغەی هاتووچۆدا هەردووکیانی لەدەستدا، لە ژێرزەمینی باڵەخانەیەکی شاری جزیرە کە یەکێکە لە ناوچەی شرناخ کوژران.
سەرەڕای سەختی جوڵە و پشت بەستن بە گۆچان، ئەسمەر تونچ هۆکاری بوونی لە ئامەد ڕوون دەکاتەوە، وتی: ئێمە لێرە بۆ ئاشتی کۆبووینەوە، داوای خوشک و برایەتی دەکەین، بەڵام هێشتا بە دوژمنایەتی مامەڵەمان لەگەڵ دەکەن.
لە خەباتی ئازادیدا دوو کوڕم لەدەستدا، براکەشم لە ڕێگادا شەهید بوو، پێنج ئەندامی خێزانەکەم لەدەستداوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێم، نامەوێت دایکێکی تر ئەو شتە ئەزموون بکات، کە ئەزموونم کردووە، دڵم دەسوتێت، نامەوێت دڵی دایکێکی تر بسوتێت.
ئەسمەر تونچ هیوای خۆی بۆ سەرکەوتنی بانگەوازی "کۆمەڵگەی ئاشتی و دیموکراتیک" دەربڕی، کە یادەوەرییەکی بەرچاوی لە ژیانی خۆی وەبیرهێنایەوە، بۆ ئەوەی هێمای پەیوەندی قوڵی خۆی بەم دۆزیەوە بکاتەوە، وتی: ئێمە لە گوندەکەدا دەژیاین کاتێک سەربازەکان ماڵەکەمانیان سووتاند، لەناو ماڵەکەدا وێنەی براکەم کە پەیوەندی بە تێکۆشانی ئازادییەوە کردبوو، وێنەی ڕێبەر ئۆجالانیش هەبوو، کاتێک بڕیارماندا بچینە دوورگەیەک، ترسام وێنەکە لەگەڵ خۆم بەرم، بۆیە لە ژێر یەکێک لە دیوارەکاندا شاردمەوە.
لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: دوای شەش ساڵ لەگەڵ کوڕە شەش ساڵانەکەم ئۆرهان گەڕامەوە گوندەکە بۆ گەڕان بەدوای ئەو وێنەیەدا، لەو کاتەدا، تەنانەت وێنەیەکیش بە تاوان هەژمار دەکرا، بەڵام ئەمڕۆ وێنەی بەڕێز ئۆجالان بە ئاشکرا نمایش دەکرێت و دروشمی ناوی "سەرۆک ئاپۆ" دەنگ دەداتەوە، ئەمانەش هەمووی دەستکەوتی ڕاستەقینە و ڕۆژانی ئاشتی و ئازادی نزیک بووەتەوە.
"حەوت ڕۆژ بەس نییە بۆ گێڕانەوەی ئازارەکانمان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەڵێین: ئێمە ئاشتیمان دەوێت."
ڕابیە کورتای، خوشکی فەرهات کورتای، بەشداربووی کۆنگرەکە، کە لە ساڵی ١٩٨٢ لە زیندانی ئامەد بە ئیدارەی ئەسەد ئۆکتای ئاگری لە خۆی بەردا، وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر ئەشکەنجەدان، وتی:ئەو ساڵانەی ئازار و مەینەتییەکانی بەبیرهێنایەوە کە خێزانەکان لە دەرەوەی دەروازەکانی زیندان بەرگەی دەگرن، جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئاشتی بەنرخترین شتە کە دەتوانرێت بەدەستبهێنرێت، هەروەها ئەوەی لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا لە دەرەوەی دەروازەکانی زیندان ئەزموونمان کرد، ناتوانرێت کورت بکرێتەوە، ئەگەر حەوت ڕۆژ و حەوت شەویش باسی بکەین، کۆتای نایەت، سەرەڕای هەموو ئەو شتانەی بەسەرماندا تێپەڕیوە، بەردەوامین لە بەرزکردنەوەی دەنگمان بۆ ئاشتی و ئازادی.