دایکانی ئاشتی: بۆچی جیهان بەرامبەر بە دڕندەییەکانی سەر حەلەب بێدەنگە؟
دایکانی ئاشتی کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی سەر حەلەب دەربڕی و وتیان: کورد لە دژی دڕندەییەکانی داعش شەڕی کرد بەڵام جیهان بێدەنگە بەرامبەر ئەو دڕندەییانەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین لە بەرامبەر ئەم دڕندەییە بێدەنگ نەبن.
ئارژین دیلەک ئۆنجەل
ناوەندی هەواڵ- خۆپیشاندان لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیا لە دژی هێرشی چەتەکانی هەتەشە بۆ سەر گەڕەکە کوردنشینەکانی شێخ مەقسودو ئەشرەفیە لە حەلەب بەردەوامە.
لەم دواییانەدا کۆمیتە ناوخۆییەکان ڕایانگەیاند کە ١٤ کەس لە یەک بنەماڵە لە شێخ مەقسود کوژراون. هەروەها ڕاگەیەندرا کە لە کاتی هێرشەکاندا زۆرێک لە خەڵکی مەدەنی لەلایەن هێزە نیمچە سەربازییەکانەوە ڕفێندرابوون، سەرچاوە ناوخۆییەکان باسیان لەوە کردووە، بەپێی ئەو ئەنجامانە ٢٧١ کەس بێسەروشوێنن.
ئەندامانی ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی لە زۆرێک لە شارەکانی باکووری کوردستان و تورکیاوە چوون بۆ ئەنقەرە سەبارەت بە زیادبوونی هێرشەکان. دایکانی ئاشتی کە ئەمڕۆ لە ئەنقەرەن، لەبەردەم کونسوڵخانەی سووریا کۆدەبنەوە و لێدوانێک دەدەن.
کادریە گەلیچی لە ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی وان کاردانەوەی هەبوو بەرامبەر بە هێرشەکانی ئیدارەی کاتی و هەڵوێستی تورکیا لە دژی ئەم هێرشانە.
"هاکان فیدان پشتگیری لە هێرشەکان دەکات"
کادریە گەلیچی سەرنجی بۆ دیمەنەکانی حەلەب ڕاکێشاو وتی: لەوێ دڕندەیی هەیە، ئەمە درێژەپێدەری داعشە، دەستیان لە خوێنی منداڵ و ژن و بەساڵاچوواندایە، ئێستا با دەستیان لێبکەنەوە، ئەوان مرۆڤ نین، منداڵی تەمەن سێ ساڵان لە سەرماو ئەم زستانە بەجێماون، ژنان ناچار بوون کۆچ بکەن، وەزیری تورکیا هاکان فیدان پشتگیری هێرشەکان دەکات.
"شەوان ناتوانم بخەوم"
کدریە گەلیچی ئاشکرای کرد کە بۆ ئەو کەسانەی لە حەلەب کوژراون چووەتە سەر شەقامەکان و بەرەو ئەنقەرە دەڕوات و لە درێژەی قسەکانیدا وتی: من بۆ ئەو دایکانەی لە ڕۆژئاوا کوژراون کەوتمە ڕێ، دۆزی کورد بۆ مافەکانیانە. بە شەرەفەوە شەڕیان کرد. ئەو حیزبانەی شەڕیان لەگەڵدا کرد کاتێک گیران، چارەسەر کران، خواردن و ئاویان پێدرا، بەڵام ئەوەی بەرامبەر کورد کرا، قسەی ناشرینە. گەلی کورد دژی دڕندەیی داعش شەڕی کرد، بەڵام جیهان بێدەنگە لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر کورد و ئەو دڕندەییەی کە دەکرێت.
"کورد بۆ بوون و کەرامەتی خۆی خەبات دەکات"
گوڵبەیاز مەهچی ئاماژەی بەوەکرد، ماوەی هەفتەیەکە لە پێش چاوی جیهان تاوانی مرۆیی دژ بە کوردانی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدرێت و وتی: تەنانەت منداڵە ساواکانی ناو بێشکە دەکوژرێن. لەم تاریکی و ئاژاوەگێڕییەدا کەوتینە ڕێ، ئەگەر ئاگریش ببارێت، ئێمە درێژە بە گەشتەکەمان دەدەین بۆ ئاشتی. دایکانی ئاشتی نایانەوێت هیچ کەسێک لە هیچ وڵاتێکدا بکوژرێن. هیچ پێشکەوتنێک لەو شوێنانەدا نییە کە شەڕ هەبێت.
گوڵبەیاز مەهچی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوروپا بانگەشەی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەکات بەڵام لە بەرامبەر ئەو دڕندەییانەی بەرامبەر بە کورد دەکرێت بێدەنگەو وتی: جیهان بێدەنگە، دەیان کۆمەڵکوژی لە ڕۆژئاوا ڕوویانداوە، بەڵام بۆچی جیهان بێدەنگە؟ ئەم دەوڵەتانە چاویان لە کۆمەڵکوژییەکانی دژی کورد لە پێناو بەرژەوەندییەکانی خۆیان و بازرگانیی چەکدا کوێرە.
گوڵبەیاز داوای لە دەوڵەتی تورکیا کرد و وتی: ئەگەر تورکیا باسی ئاشتی بکات دەبێت بەو پێیە مامەڵە بکات، بە پیشەنگایەتی ڕێبەرمان عەبدوڵا ئۆجالان پڕۆسەیەک دەستی پێکردووە، ئەگەر پرۆسەی ئاشتی هەبێت، نابێت شەڕ ڕووبدات، خوێنڕشتن نەبێت، ئێمە ئەمڕۆ بۆ ئاشتی دەچینە ئەنقەرە، با دایکی سەرباز و ئەفسەرانی پۆلیسیش بێنە ئەنقەرە لەبەردەم وەزارەتی داد بۆ داوای ئاشتی.
‘بۆچی موسڵمانان بێدەنگن؟’
گوڵبەیاز مەهچی هەروەها داوای لە موسڵمانان کرد و لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: کۆمەڵکوژییەک لەبەرچاوی ئەو کەسانە دەکرێت کە دەڵێن ئێمە موسڵمانین، بەڵام بۆچی موسڵمانان بێدەنگن؟ دەبێت هەمووان بۆ ڕۆژئاوا کۆببنەوە.
باران باکی لە ئەنجومەنی دایکانی ئاشتی گەڤەر سەرنجی بۆ ئەو گەنجە کوردانە ڕاکێشا کە کوژران و ڕفێندران و وتی: ئێمە منداڵەکانمان بۆ هەتا هەتایە پەروەردە کردووە نەک بۆ کوشتن، بەڵکو ئەمڕۆ بە تەکبیر لە بەردەم مرۆڤایەتیدا دەکوژرێن، لە باڵەخانەکانەوە فڕێ دەدرێن. ئێمە ئەم دڕندەییە قبوڵ ناکەین، خوا نەفرەتیان لێ بکات، ماوەی ساڵێکە باس لە ئاشتی لە تورکیا دەکرێت، ئێمەش ئاشتیمان دەوێت و بۆ ئەمە بەڕێکەوتین.
‘ئێمە ئەم دڕندەییە قبوڵ ناکەین’