دایکانی شەنگال: لە تۆپ و فڕۆکە ناترسین و دژی هێرشەکان دەوەستینەوە

شەوی ڕابردوو دایکانی شەنگال لەشوێنی بۆردومانەکەی تورکیا لە نەخۆشخانەی سکینی پەیامێکیان بۆ ڕایگشتی دا و ئاماژەیان بەوەدا ئەگەر عێراق ڕێگری لە هێرشەکان نەکەن، ئێمەی ژنانی شەنگال ناهێڵین یەک بارەگای عێراق دابنرێت لە ناوچەکە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەوی ڕابردوو لە گوندی سکینی لە شەنگال تا درەنگانی شەو دایکان و هاوڵاتیان لەژێر نەخۆشخانەی ڕووخاو و داروبەرددا بەدوای جەستەی شەهید و بریندارەکاندا دەگەڕان کەلە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا ببوونە قوربانی، دایکانی شەنگال لە شوێنی ڕووداوەکە پەیامێکیان بۆ رایگشتی دا و داوایان لە مرۆڤایەتی کرد لەبەرامبەر ئەردۆغان و مرۆڤایەتیدا بیانپارێزن.

 

دایە زەهرا لەسەر ناوی دایکانی شەنگال، لە پەیامەکەیاندا وتی: داوا لە هەموو مرۆڤە خاوەن ویژدانەکان دەکەین تاوەکو هاوکاریمان بکەن و دەنگمان بگەیەننە هەموو شوێنێک، ئێمە تاوەکو ئێستا سەرقاڵى کۆکردنەوەی تەرمی ڕۆڵەکانمانین، لە نەخۆشخانەکەدا، تووشبوانی کۆرۆنا و منداڵ و گەورەوە چارەسەرکراون، ئەگەر سوپای عێراق ڕێگریى لەو هێرشانە نەکەن، ئەوا چیتر ڕێگە نادەین لە شەنگال بمێننەوە و تەنانەت ئەگەر تەنیا ژنانی ئێزدی بمێننەوە، دیسان ناهێڵین یەک خاڵی سوپای عێراق لە شەنگال بمێنێت.

 

ژنانی شەنگال داواکارییان خستەڕوو وتیان: داواکارن، کە ڕای گشتیی جیهان لەبەرامبەر ئەردۆغان و هاوپەیمانەکانیدا بیانپارێزن، چونکە هەرگیز کۆڵ نادەین، قەت لە تانک، تۆپ و فڕۆکەکانیان ناترسین، عێراق و مەسعود بارزانی دەستیان خستووەتە دەستی ئەردۆغان داناوە، نە غیرەت و نە شەرەف ماوەتەوە، کێ دەڵێت، عێراق ئێمە دەپارێزێت؟ ئەمەیە دەبینن بەم شێوەیە بەدوای پارچەی جەستەی منداڵەکانماندا دەگەڕێن.

 

هەر ئەمڕۆ ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری شەنگال لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماری شەهید و بریندارەکانی هێرشەکەی دوێنێی شەنگالی ڕاگەیاند، کە فڕۆکە جەنگییەکان نەخۆشخانەی سکینیان بۆردومان کردووە و لەوکاتەی هاوڵاتیان بە هانای بریندارەکانەوە چوون، ئەوانیش بە ئامانج گیراون، لە ئەنجامدا فڕۆکەکان سێ جار بۆردومانی ناوچەکەیان کردووە.

 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوێنێ هەشت کەس شەهید بوونو چواری دیکەش بریندار بوون، لەنێو شەهیدەکاندا چواریان شەڕڤانی یەبەشەن کە لە نەخۆشخانەکەدا تیمار دەکران، هەروەها سێ لە شەهیدەکان، کارمەندی تەندروستیی بوون، کە خزمەتی کۆمەڵگای ئێزدییان دەکرد، شەهیدەکەی دیکەش ناوی موخلیسە سیدار، کە خەڵکی شاری شرناخی باکووری کوردستانە و لە فەرمانی ٢٠١٤-دا، کاتێک بانگەوازیی سەفەربەربوون کرا، بۆ ئەوەی بریندارەکانی کۆمەڵگای ئێزدیی دەرمان بکات، وەکو پزیشک هاتبوو بۆ شەنگال و لەو کاتەوە خزمەتی تەندروستیی پێشکەش بە خەڵکی شەنگال دەکرد.

 

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ناوی شەهیدەکان بەم جۆرەیە:

-حەمید سەعدوون (قیران سیبا)، شەڕڤانی یەبەشە.

خدر شەریف (پیر خدر)، شەڕڤانی یەبەشە

-ڕامی ئەلسەلیم (ڕۆنی)، شەڕڤانی یەبەشە لە عەرەبەکانی بەعاجە

مەیتەم خدر خەلەف(سەرحەد زەمار)، شەڕڤانی عەرەبی یەبەشە

-موخلیسە سیدار، کارمەندی تەندروستیی

-عەلی ڕەشۆ خدر-کارمەندی تەندروستیی

-سەیدۆ ئلیاس، کارمەندی تەندروستیی

-حەجی خدر، کارمەندی تەندروستیی

 

ت.پ