دایکانی شەنگال بە توڕەییەوە دەڵێن سیخوڕەکان هاوکاری تورکیا دەکەن

لەدوای بۆردومانکردنی نەخۆشخانەی گوندی سکینی لە شەنگال، دایکان چوونە شوێنی بوردومانەکە و بە توڕەییەوە دەڵێن دوژمنانی خوێنخۆر لێناگەڕێن ئێمە بژین.

ناوەندی هەواڵ

 

نیوەڕۆی ئەمڕۆ کاتژمێر ١:١٥ خولەک، فرۆکە جەنگییەکانی دەوڵەتی تورکیا بۆردومانی نەخۆشخانەی سکینی-یان کرد لە شەنگال و بەهۆیەوە چەندین کەس بریندار بوون و تا ئێستا ژمارەی شەهید و بریندارەکان نازانرێت.

لەو کاتەی هاوڵاتیانی مەدەنیی دەیانویست هاوکاری بریندارەکان بکەن، لەلایەن فرۆکەکانەوە دەکرانە ئامانج، بەپێی زانیارییەکانیش سێ جار فرۆکەکان بۆردومانی ناوچەکەیان کردووە.

 

دایکانی شەنگال گەشتنە شوێنی ڕووداوەکە تا هاوکاری بریندارەکان بکەن، بە توڕەییەوە دەڵێن "دوژمنانی ئێمە لێناگەڕێن ئێمە بژین، ئێمە داوای مافی خۆمان دەکەین و لەسەر خاکی خۆمانین، ئەمە فەرمانە بەسەری ئێمەیدا دەهێنن".

 

دایکێکی دیکە کە بۆ کامێراکان قسە دەکات تا دەنگی بگاتە هەمووان، بە لاوانەوەوە دەڵێت: ئەردۆغان لە داعش خراپترە، ئێمە ٨ ساڵ پێش ئێستا داعش هێرشی کردە سەرمان و هەتا ئێستاش هێرش بۆ سەر ئێزدیان بەردەوامە، لێرە خوێنێکی زۆر ڕژاوە، خوێن دەجوڵێت، مرۆڤایەتی و ویژدان نەماوە، بۆچی وامان لێدەکەن.

ت.پ