دایکان بە دەنگیان ڕێگری لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەن

دایکان چیتر لە ئاست داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیادا بێدەنگ نابن و دەنگیان بڵند دەکەن تا دەنگیان بە حکومەت و دەسەڵات بگات، ڕێگری دەکەن لە شەهیدبوونی ڕۆڵەیەکی دیکەی کوردستان.

 

شنیار بایز

سلێمانی- دەنگی دایکێک دەنگی گەلێکە، ئازاری دڵی دایکێک هەزاران تێکۆشانە، دایکان بە دڵێکی گەرمەوە هەڵوێستی خۆیان بەرامبەر بە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەردەبڕن، داوا دەکەن چیتر ڕۆڵەی کەس جەرگ سوتاو نەبێت، حکومەتی هەرێم ڕێگری بکات لە هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا تا دڵی دایکێکی دیکە پارچە پارچە نەبێت، ڕێگری بکات لە بڕینەوەی دار و وێرانکردنی ژینگەی کوردستان.

چەندین دایک کە ڕۆڵەکانیان لەپێناو ئازادکردنی خاکی کوردستان گیانیان بەخشیوە، دەیانەوێت دەنگی خۆیان بگەیەننە حکومەت و حیزبە دەسەڵاتدارەکان، سەعدە ناسر، دایکی شۆڕشگێڕ شەهید دیار غەریب (هەڤاڵ هەڵمەت) دەڵێت: "داوامان کۆتایهێنانە بە شەڕی نێوان کورد و براکوژی، چیتر باوکی منداڵێک شەهید نەبێت"، ئەو دایکە داوای ئەوەشی کرد لە چوار پارچەی کوردستانەوە کورد یەکگرتووبێت و کوردستان ببێتە یاک پارچە، داگیرکەر چاونەبڕێتە سەری و داگیری بکات.

 

دایکان ڕۆڵێکی گرنگ لەناو کۆمەڵگادا دەبینن، دەتوانن ببنە هێزێکی فشار لەسەر دەسەڵاتداران و دوژمنان، تا ڕێگری لە تورکیا بکەن و چیتر نەهێڵن پێ بنێتە ناو خاکی کوردستان.

ئەڵوەن عەبدوڵا، دایکێکی دیکەیە و دەیەوێت بە دەنگی دایکان و ژنان دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا لە خاکی کوردستان دەربکەن، ئاماژەی بەوەدا: "دەبێت هەموو دایکێک و کوردێک دژایەتی دەوڵەتی داگیرکاری تورکیا بکات، کە چاوی بڕیوەتە خاکی کوردستان و دەیەوێت داگیری بکات" لە درێژەی قسەکانیشدا دایە ئەڵوەن بە پێویستی دەزانێت داوا لە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆکی هەرێمی کوردستان بکات کە پاڵپشتی کورد بکەن و نەهێڵن چیتر داگیرکەران بێنە ناو خاکی کوردستان و ڕێگری بکەن لە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا.

بێخان حەمید، دایکێکی دیکەی دڵ پڕ بۆ ئاژانسی ژنها دوا و وتی: "پێویستە جیاوازی نەکرێت لە نێوان پارچەکانی کوردستاندا، ڕیگە بە هیچ دوژمن و پیلانگێڕێکیش نەدرێت خاکی کوردستان داگیر بکات، چونکە دواجار دایکانن دەبێت باج بدەن و ڕۆڵەیان دەبەخشن".

باسی لەوەشکرد، چەندین پێشمەرگە و گەریلا لەو شاخانەدا لە ژێر باری ژیانێکی قورسدان، بۆیە پێویستە دەسەڵاتداران بێ هەڵوێست نەبن و بێدەنگ نەبن بەرامبەر هێرشی تورکیا و دوژمناندا، لە کۆتایدا دەڵێت "با ئاشتی بەرپا بێت لە خاکی کوردستاندا با چیتر جەرگی دایکێکی دیکە نەسوتێت".

دوێنێ ٩ی حوزەیران، دایکانی لەچک سپی لە پارکی دایک لە شاری سلێمانی بە دروشمی "بە ھەستی بەرپرسیارێتی دایکانە، پاراستنی خاکمان ئەرکمانە" گردبوونەوە و لە یاداشتنامەیەکدا کە ئاراستەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و عێراقیان کرد، ئاماژەیان بەوەدا: ئێمە وەکو دایکانی لەچک سپی هەموو داگیرکارییەکان شەرمەزار دەکەین، داوای یەکڕیزی کوردان دەکەین، پێویستە ژنان یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بن بەرامبەر داگیرکارییەکان و دایکان خۆیان بەرپرسیار ببینن لە خاوەندارێتی کردن لە خاک و نیشتیمان.

 

ت.پ