داوای خەڵاتکردنی ژنی کامێرا دەکرێت لە میسڕ

لە ٨ی مارسدا داوای خەڵاتکردنی ئەو ژنە کرا کە وێنەی پیاوێکی گرتووە لەو کاتەی دەیەوێت دەستدرێژی بکاتە سەر منداڵێک.

 

ژنها - قاهیرە

لە ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانی ژناندا، پیاوێک هەوڵی ئەوە دەدات دەستدرێژی سێکسی بکاتە سەر منداڵیکی کچی ١٠ ساڵان لە باڵەخانەیەکدا لە گەڕەکی المعدي لە قاهیرەی پایتەختی میسڕ، لەوکاتەدا ژنێکی کارمەندی تاقیگەی پزیشکی لە باڵەخانەکەدا لە کامێرەی چاودێرییەوە ڕووداوەکە دەبینێت و بە کامێرەکەی ڤیدیۆی دەگرێتەوە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوی دەکاتەوە.

 

بە پێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بەشداری ژنان لەو بابەتانەدا کەم و نائاسییە، ئەمەش دەگەڕیتەوە بۆ شەرم و ترس لە ئابڕووچوون لە کۆمەڵگەدا کە لەناو گەلی میسردا زاڵە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوی "ژنی کامێرە"یان لەو ژنە نا، کە بەتەنها ڕووبەڕووی دەستدرێژیکار بووەتەوە، ئەو ڤیدیۆیەشی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکردەوە تا لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیربکرێت.

 

زۆرێک لە هاوڵاتیان وەک پاڵەوانی ڕۆژی جیهانی ژنان بەناویان کرد کە توانیویەتی کچێکی ١٠ ساڵ لەدەست دەستدرێژی ڕزگاربکات و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ڕۆڵی "ژنی کامێرە"یان پێبەخشی، و داوای خەلاتکردنی ئەو ژنەیان کرد.

 

دوای ئاشکرا بوونی ناسنامەی تۆمەتبارەکە، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە و لەژێر لێکۆڵینەوەدایە، بە پێی زانیارییە سەرەتاییەکانیش ژمێریارە لە یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەو شارە، خێزاندارە و دوو منداڵی هەیە.

 

ت.پ