داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی سێ زیندانیی سیاسی دەکرێت

سەندیکای کرێکارانی تاران بڵاویکردەوە، تاکە تاوانی شەریفە محەمەدی داکۆکیکردن لە مافەکانی کرێکاران بووە، داوای هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدانی شەریفە و وریشە و پەخشان دەکەین.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ ١٦ی ئاب، سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت لە لایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێران بە تەواوەتی پەسەند کرا، هەروەها لەلایەن دەزگای باڵای ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی لە ٨ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و وریشە مورادی  لە ١٠ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤  بە تەواوەتی پەسەند کراوە و ژیانیان لە مەترسیدایە.

 

سەندیکای کرێکارانی کۆمپانیای پاس لە تاران و دەوروبەری سەبارەت بە پەسەندکردنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسیی لە زیندانی لاکانی ڕەشت ڕاگەیeندراوێکی بڵاوکردەوەو تییدا هاتووە: ئەو بڕیارە نادادپەروەرییە لە کاتێکدا دەرچووە، کە لە مافی ئامادەبوونی لە دادگا و بەرگریکردن لە خۆی بێبەش بووە، هەروەها چالاکییەکانی بە تاوان دانانرێت، کە تەنها خزمەتی بە چینی کرێکار کردووە.

 

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو بڕیارە نادادپەروەرە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و هیچ نیشانەیەکی دادپەروەری نیشان نادات، تاکە تاوانی شەریفە محەمەدی داکۆکیکردن لە مافەکانی کرێکاران بووە.

 

باس لەوەشکراوە، سزای لەسێدارەدان ئامرازێکە بۆ سەرکوتکردن و درووستکردنی ترس و تۆقاندن لە کۆمەڵگەدا، ئێمە داوای هەڵوەشاندنەوە و ڕاگرتنی سزای لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی و وریشە مورادی و پەخشان عەزیزی دەکەین، چونكە کرێکاران و چەوساوەکان لە بەرانبەر ئەو ستەم و تاوانانە بێدەنگ نابن.