بنەماڵە سیاسییەکانی جوانڕۆ لەلایەن دەسەڵاتەوە هەڕەشەیان لێکرا

دوای ٢٢ ڕۆژ لە ڕاپەڕینی سەرتاسەری لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، ئەم ڕاپەڕینە ڕۆژی ڕابردوو لە شاری جوانڕۆ لەگەڵ ژنانی پێشەنگ دەستی پێکرد.

جوانڕۆ

 

داوی تێپەڕبوونی ٢٢ ڕۆژ بەسەر ڕاپەڕینە سەرتاسەریەکەی ئێراندا کە وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر بە کوشتنی ژینا ئەمینی دەستی پێکرد، شەمەی ڕابردوو، خەڵکی جوانڕۆ لەگەڵ ژنانی پێشەنگ هاتنە سەر شەقامەکان، دروشمی " ژن، ژیان، ئازدی" ، " مەرگ بۆ دیکتاتۆر" یان دەوتەوە.

 

ئەم ناڕەزایەتیانە بە ئامادەبوونی ژنان و وتنەوەی " ژن، ژیان، ئازادی" دەستی پێکرد، بە بینینی ئازایەتی ژنەکان، گەنجان و پیاوان پەیوەست بوون بەم ناڕەزایەتیە، پاشان ئاڵای ڕژێمی ئێران و ئاڵای خامنەیی لە لایەن خۆپیشاندەرانەوە لە مەیدانی بەسیج ئاگریان تێبەردا.

 

چەند هێزێکی ئەمنی وئیتڵاعات کە بۆ ناسینەوەی خۆپیشاندەران چوون، لەلایەن خۆپیشاندەرانەوە لێیان درا و ناچاربوون شوێنەکە بەجێبهێڵن، پاشان هێزە ئەمنییەکان بە تەقەی ئاسمانی هەوڵیاندا خۆپێشاندەران بڵاوە پێبکەن، بەڵام خۆپیشاندەران بە خۆڕاگری خۆیان ڕووبەڕوویان بوونەوە.

 

ئاسایش مەلای مزگەوتەکانی شاری جوانڕۆ کە ناسراو و بەناوبانگن و بۆ نێوەندگیری بردنیان بۆ مەیدانەکە، داوایان لە خۆپیشاندەران کرد کە بگەڕێنەوە سەر ماڵ وحاڵی خۆیان، بەڵام خۆپیشاندەران گرنگیان پێنەداو بەردەوامبوون لە دروشمی "مەرگ بۆ دیکتاتۆر".

 

ژمارەیەکی زۆر لە هێزە سەرکوتکەرەکانی سووپای پاسدارانی ئێران بە دەمانچەوە ئامادەبوون بۆ تەقەکردن لە خۆپیشاندەران، ڕەوانەی مەیدانی بەسیج کران و شەقامەکانی ئەو شارەیان داخست، شارەکە تا نیوەشەو لە ژێر یاسای سەربازیدا بوو و تەنانەت ڕێگریان لە هاتوچۆ و جوڵەی هاوڵاتیان دەکرد.

 

لە هەمان کاتدا کە ناڕەزایەتییەکان لە ئێران دەستی پێکرد، بنەماڵە سیاسییەکان و زیندانیانی سیاسی پێشوو بانگهێشتی ئیدارەی ئیتڵاعات کران و هەڕەشەیان لێکرا، کە ئەگەر بەشداری ناڕەزایەتیەکان بکەن یان هانی خەڵک بدەن بۆ ناڕەزایەتی، ئەوا ڕوبەڕووی سزای توند دەبنەوە هەڕەشەی زیندانی درێژ خایەنیان لێدەکەن.