دانیشتووانی کانتۆنی فورات دژی کۆمەڵکوژی سیرین ڕێپێوان دەکەن
دانیشتووانی کانتۆنی فورات دژی کۆمەڵکوژی سیرین ڕێپێوانیان کرد و پەیامی "سەرەڕای هێرش و کۆمەڵکوژییەکان، لەسەر خاکی خۆمان دەوەستینەوە و تا کۆتایی بەرخۆدان دەکەین"یان دا.
کۆبانێ
دوێنێ دەوڵەتی تورکیا بە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان هێرشی کردە سەر ناوەندی بازاڕی شاری سیرین، لە ئەنجامی هێرشەکەدا ١٢ هاوڵاتی گیانیان لەدەستدا و دەیان هاووڵاتیش بریندار بوون، دانیشتووانی شاری کۆبانێ لە کانتۆنی فورات ڕێپێوانێکی جەماوەرییان بۆ ئیدانەکردنی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورکیا ئەنجامدا.
ڕێپێوانەکە بە بەشداری سەرجەم دامودەزگا و ڕێکخراوەکانی شاری کۆبانێ لە گۆڕەپانی ژنانی ئازاد لە کۆبانێ دەستپێکرد و تا گۆڕەپانی شەهید عەگید بەردەوام بوو، لە میانی ڕێپێوانەکەدا ئاڵای قەسەدە و یەپەژە بەرزکرانەوە و بە بەردەوامی دروشمەکانی "بژی بەرخۆدانی قەسەدە" "بەرخۆدان ژیانە" و "بە ژیان و خوێن لەگەڵ تۆین سیرین" بەرزکرانەوە.
بانگەوازی بۆ ڕاگرتنی هێرشەکان
دوای خولەکێک بێدەنگی بۆ یادی ئازادیخوازان، ساڵح حەج عیسا بە ناوی خۆبەڕێوەبەری کانتۆنی فورات قسەی کرد و وتی: ئەو کۆمەڵکوژییەی دەوڵەتی تورک لە شاری سیرین شەرمەزار دەکەین، گەلی کۆبانێ تا کۆتایی لەگەڵ گەلەکەیان دەبن، ئێمە داوا لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤی جیهان دەکەین و دەپرسین بۆ بێدەنگن سەرەڕای ئەوەی ڕۆژانە هێرش دەکرێتە سەرمان و کۆمەڵکوژی ڕوودەدات؟ بە دڵنیاییەوە منداڵان مافی ئەوەیان هەیە ژیانێکی باش بژین، دەبێت هێرشەکانی دەوڵەتی تورک ڕابگیرێت، ئێمە دەڵێین تا کۆتایی لەسەر زەوی خۆمان دەوەستین و تا کۆتایی پشتگیری یەکتر دەکەین.
ڕێپێوانەکە بە دروشمی "بەرخۆدان ژیانە" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" کۆتایی هات.