دادگای پێداچوونەوە بڕیاری کۆتایی کەیسی سێوان قادری پەسەند کرد

دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان بڕیاری کۆتایی کە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی تاوانباری دۆسییەی سووتانی سێوان قادر و منداڵەکانی لە دوای ٨ مانگ پەسەندکرد.

ناوەندی هەواڵ

 

١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ لە گەرەکی ئاسودەی قەزای چەمچەماڵ، سێوان قادری تەمەن ٢٣ ساڵ و سێ منداڵەکەی بە ناوەکانی دەروون یەک ساڵ، لارین ٢ساڵ و دارین ٥ ساڵ لە ماڵەکەی خۆیدا سووتان، دادگایی کەیسی سێوان قادر و منداڵەکانی لە دادگای سلێمانی بەڕێوەچوو، بە هەبوونی بەڵگەکان هاوژینی سێوان بە ناوی "دیار مەجید" تۆمەتبارکرا بە سوتاندنی سێوان و منداڵەکانی.

 

لە ١٧ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩، یەكەم دانیشتنی دادگاییکردنی کەیسی سێوان دەستیپێکرد و لە دوای ١٦ دانیشتنی دادگای سلێمانی، لە ١١ی ئابی ٢٠٢٠دا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ تاوانبار "دیار مەجید" دەرکرد، خێزانی تاوانباریش بڕیارەکەیان ئاراستەی دادگای پێداچوونەوە کرد.

 

ئەمڕۆ دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی کوردستان، دادگای سلێمانی لە دوابڕیاری خۆیان ئاگادارکردەوە کە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی تاوانبارە، بەڵام بەهۆی وەستاندنی سزای لەسێدارەدانەوە لە هەرێمدا جێبەجێناکرێت و دەگۆڕێت بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

 

ت.پ