ژنانی عەفرین: ناتوانن بەرخۆدان و تێکۆشانی ٥ ساڵمان بێ ئەنجام بکەن

ژنانی عەفرین کە ماوەی ٥ ساڵە لە کانتۆنی شەهبا بەرخۆدان و تێکۆشان دەکەن، ڕایانگەیاند، ئەو بەرخۆدان و ئیرادەیەی کە ٥ ساڵە بەردەوامە، بە ئاسانی سەرکوت ناکرێت.

حەسنا محەمەد

 

شەهبا- لە ماوەی پێنج ساڵی کۆچکردن بۆ کانتۆنی شەهبا، هاوڵاتیانی عەفرین و شەهبا لە بەرخۆدانی ڕۆژانەیان بەرامبەر هێرشە داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوام بوون، ئەم هێرشانە لە سەرەتای داگیرکردنی ناوچەی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورک و گروپە چەکدارەکانی سەر بە خۆیەوە بۆ سەر کانتۆنی شەهبا بەردەوامە. لەم دواییانەدا ناحیەی تل ڕەفعەتی شەهبا و ناحیەی شێراوا لەگەڵ هەرێمی عەفرین بۆردومان کراون.

 

لە گوندی کلوتێی سەر بە قەزای شێراوا ژنێکی تەمەن ٤٠ ساڵ بە ناوی نازیرە وەلۆ مستەفا و محەمەد ڕەمەزان عەلەوی ١٠ ساڵ و ئازاد حیسن کۆل لە ناوچەی تل ڕەفعەت بریندار بوون، هاوکات زیانی ماددیش بەر خەڵکی مەدەنی کەوت، ژنانی ئاوارەی عەفرینی، هەڵوێستی خۆیان لەبارەی هێرشەکانەوە خستەڕوو، باسیان لەوەکرد، بە ئاسانی تێکۆشانی ٥ ساڵەمان لەناوببرێت.
 

"بەرخۆدانمان بەرامبەر هێرشەکان ناوەستێت"

ئەلماز حەسۆ سەرنجی بۆ هێرشەکانی داگیرکەری دەوڵەتی تورک ڕاکێشا کە خەڵکی مەدەنییان کردووەتە ئامانج و وتی: بەهۆی زوڵمی دوژمن و داگیرکاری دەوڵەتی تورکیا ئاوارە بووین، لە شەهبا تا ئێستاش بە هێرشەکانیان خەڵکی مەدەنی دەکەنە ئامانج. ئەردۆغان بە شەڕ و هێرشی تایبەت لەسەر شەهبا، هەوڵدەدات جارێکی تر ڕێگا بۆ کۆچکردنمان بکاتەوە و دەستبەرداری خۆڕاگریمان بین، ئاواتی سەرەکی ئەو دوورکەوتنەوەیە لە عەفرین تا بتوانرێت ڕەگ ​​و ڕیشەی خەڵکی عەفرین لەناوببات، بە درێژایی تل ڕەفعەت و شێراوا و هەموو ناوچەکانی شەهبا هێرشی داگیرکەری دەکرێت، لە ئەنجامدا ژن و منداڵ شەهید و بریندار دەبن، بەڵام هەرگیز بە کوشتن و هێرش لەناو ناچین، تا کۆتایی بەردەوام دەبین لە بەرخۆدانیان.

 

"بەرخۆدان و ئیرادەمان بە ئاسانی سەرکوت ناکرێت"

هەڤین عەلۆش بانگ لە ڕێکخراوە نێودەوڵەتیە مەدەنییەکان دەکات، لەسەر مافی گەل بەدەنگ بێن و وتی: بە توندی ئیدانەی هێرشە لەشکرکێشییەکانی دەوڵەتی تورکیا دەکەین، ئەردۆغان ڕۆژ بە ڕۆژ سنووری مرۆڤایەتی و ویژدان دەبەزێنێت و هەموو پێوەرەکانی ئەخلاق و خەڵکی مەدەنی پێشێل دەکات، قورسترین و پێشکەوتووترین چەک لە دژی خەڵکی مەدەنی بەکاردەهێنرێت و دەکوژرێن، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ وا خۆیان نیشان دەدەن کە داوای مرۆڤایەتی دەکەن، بەڵام هیچ کاردانەوەیەکیان نیشان نەداوە و ئەم هێرشە دڕندانەیان ڕانەگرتووە، هیوای ئێمە تەنها گەڕانەوەیە بۆ عەفرین، هەر بۆیە بەردەوامین لە بەرخۆدان، پەیام دەدەینە جیهان کە ئەو بەرخۆدانی و ئیرادەیە لە شەهبا بەڕێوەدەچێت، هەرگیز بە هێرش سەرکوت نەکرێت.

 

"تورکیا زیان بە پرۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بگەیەنێت"

زەینەب خەلیل ئامانجی دەوڵەتی تورکیای لە هێرشەکان بەم شێوەیە پێناسە کرد، "ئامانج و خەونەکانی ئەردۆغان ئەوەیە کە دەرگای کۆچبەری لە شەهبا بکرێتەوە و خەڵک بۆ جارێکی دیکە ببنە کۆچبەر، جگە لەوەش لەم هەرێمە ژیانی یەکسان بەڕێوەدەبرێت، ئەردۆغانیش دەیەوێت زیان لەو شێوازی ژیانە بدات، پڕۆژەی نەتەوەی دیموکراتیک بەتاڵ بکاتەوە، بەڵام پێویستە بزانن کە خەڵک سیاسەت و خواستەکانی دەوڵەتی تورکیا دەزانن و هەرگیز کاریگەری ئەم هێرشانەیان لەسەر نابێت.