نزیکەی ٥.٣ ملیۆن کەس لە سوریا بێ ماڵ و حاڵ بن

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، ڕەنگە پێنج ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی سوریا بێ ماڵ و حاڵ بمێننەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای بوومەلەرزەکەی ٦ی شوبات کە ناوەندەکەی مەڕەش بوو، دۆخی سوریا پێویستی بە هەڵسەنگاندنی جدی هەیە، بۆ یەکەمجار لە ناوچەکەدا هاوکاری نەتەوە یەکگرتووەکان وەرگیرا، لە کاتێکدا ماوەیەکی زۆرە ئەم ئۆپەراسیۆنە هاوکاری و گەڕان و فریاگوزاریانە ئەنجام نادرێن.

 

لە سوریا ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە گەیشتە سێ هەزار و ٣٧٧ کەس، کۆمیساری باڵای کۆچبەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان سەبارەت بەو پرسە لێدوانێکی دا و ڕایگەیاندووە کە ڕەنگە پێنج ملیۆن و ٣٠٠ هەزار کەس بەهۆی بوومەلەرزەکەی سوریا بێ ماڵ و حاڵ بمێننەوە.

 

نەتەوە یەکگرتووەکان سەرنجی لەسەر هاوکارییەکان بوو

سیڤانکا داناپالا، نوێنەری کۆمیساری باڵای کۆچبەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە سوریا ڕایگەیاندووە، بەپێی خەمڵاندنەکان، هەموو ئەو کەسانەی بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە لە سوریا پێویستیان بە یارمەتی هەیە، خەڵک بە شێوەیەکی بەرفراوان ئاوارە بوون و  دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکات لەگەڵ دروستکردنی پەناگەی گشتی بۆ ئەم کەسانە، گرنگی بە جێبەجێکردنی جلوبەرگی زستانە، چادر، بەتانی گەرمی بۆ قوربانییەکان دەدات.

 

هاوکارییەکان ڕێگرییان لێدەکرێت

لە زۆر شوێن کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لەژێر کۆنترۆڵی گروپە توندڕەوەکانی ئیسلامیدان و ئەو هاوکارییانەی کە بۆ خەڵک دەنێردرێت ڕێگرییان لێدەکرێت. بەگوێرەی زانیارییەکان، لە ناوچەکەدا دەروازەی نێوان تورکیا و سوریا هەیە و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا تەنها کاروانی فریاگوزاری بەناودا تێپەڕیون، هەروەها سوید و بەرازیل داوایان کرد هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر کارنامەی سوریا دانیشتن و تاوتوێ بکات.