بەهۆی ئیدانەکردنی شەڕی ئۆکراینا ڕۆژنامەنووسێک لە ڕوسیا دەستگیرکرا

دوای بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی کوژرانی منداڵانی ئۆکراینا و دەربڕینی ناڕەزایەتی دژی ڕووسیا لە سۆشیال میدیا، ڕۆژنامەنووسی ڕووسی مارینا ئۆڤسیانیکۆڤا دەستگیرکرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوێنێ، ١٧ی تەمموز، هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژنامەنووس مارینا ئۆڤسیانیکۆڤای دەستگیرکرد بەهۆی ئەوەی جارێکی دیکە ناڕەزایەتی دژی هەڵگیرسانی جەنگ بەرامبەر ئۆکراینا و بڵاوکردنەوەی وێنەی منداڵانی کوژراوی ئۆکراینی و داواکاری ڕاگرتنی شەڕ، کە لە ٢٤ی شوباتەوە دەستیپێکردووە، دەربڕیوە.

 

سەبارەت بە هۆکاری دەستگیرکردنی ناوبراو هیچ بەیاننامەیەکی فەرمی بڵاونەکرایەوە، بەڵام دەستگیرکردنە دوای چەند ڕۆژێک دێت لەوەی مارینا ئۆڤسیانیکۆڤا بە تەنیا لە نزیک کرملین لە مۆسکۆ خۆپیشاندانی کرد و لافیتەیەکی بەرزکردەوە و ڕەخنەی لە "دەستێوەردانی سەربازی لە ئۆکراینا و ڤلادیمێر پوتینی سەرۆکی ڕووسیا" گرت.

 

ئەوانەی لە نزیکەوەن لە ڕێگەی هەژمارەکەیەوە لە سۆشیال میدیا لە پەیامێکدا ڕوونیان کردەوە، کە "مارینا ئۆڤسیانیکۆڤا دەستگیرکراوە، هیچ زانیارییەک لەبارەی شوێنی ئەوەوە نییە، بەڵکو لەکاتی لێخوڕینی پاسکیلەکەیدا دەستبەسەرکراوە".

 

پارێزەرەکەی، دیمتری زاخاتۆڤ، پشتڕاستی کردەوە کە "مارینا دەستگیرکراوە، بەڵام نازانم بۆ کوێ بردراوە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "من وا گریمانە دەکەم کە ئەم دەستگیرکردنە پەیوەندی بەو ناڕەزایەتییەوە هەیە کە دەریبڕیوە".

 

مارینا ناڕازی بووە لە شەڕی ڕووسیا دژی ئۆکراینا

ڕۆژی هەینی ١٥ی تەمموز، رۆژنامەنووسی تەمەن ٤٤ ساڵ، مارینا ئۆڤسیانیکۆڤا، لە سۆشیال میدیادا وێنەی بڵاوكردەوە و لافیتەیەكی لەسەر كوژرانی منداڵانی ئۆكرانیا هەڵدا و ڤلادیمێر پوتین سەرۆكی رووسیای بە "بكوژ" ناوبرد.

 

هەروەها لە مانگی ئاداردا، لە کاتی نەشرەی هەواڵی ئێوارانی ئەو کەناڵەدا کە کاری لێدەکرد، تابلۆی "نا بۆ جەنگ"ی بە زمانی ئینگلیزی بۆ وەستاندنی جەنگی ئۆکراینا نیشاندا و دواتر بووە مانشێتی هەواڵەکانی سەرتاسەری جیهان.

 

دوای ئەو چالاکییەی مارینا بۆ ماوەی ١٤ کاتژمێر دەستبەسەر و لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا کرا، دواتر بە سەرپێچی دارایی ٢٨٠ دۆلار ئازادکرا، ئەو دۆسیەیە سەرنجی نێودەوڵەتی بۆ لای خۆی ڕاکێشا و نیگەرانی لە ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ڕووسیا ورووژاند، سەرەتای مانگی حوزەیرانیش مارینا گەشتی کرد بۆ ئۆکراینا بۆ ئەوەی وەک پەیامنێرێکی ئازاد ڕووماڵی شەڕەکە بۆ میدیای ڕووسیا بکات.

 

ڕۆژنامەنووس مارینا ئۆڤسیانیکۆڤا، لە دایکێکی ڕووسی و باوکێکی ئۆکراینی لە شاری ئۆدێسا لەدایکبووە، تا مانگی ئادار وەک سەرنووسەری کەناڵی یەکەمی تەلەفزیۆنی ڕووسیا کاری کردووە.