٣٠ ساڵ سزای زیندانی بۆ ژنێک کە منداڵەکەی لەباربردووە

لە سلڤادۆر، ژنێکی دووگیان دوای لەباربردنی منداڵەکەی، بە ٣٠ ساڵ زیندانی سزا درا.

ناوەندی هەواڵ

 

ژنێکی گەنجی دوو گیان کە ناوەکەی نەزانراوە و بە "ئەسما" دەناسرێت، لە ساڵی ٢٠٢٠دا دوای ئەوەی لە نەخۆشخانە منداڵەکەی لەباردەبات، دەستگیردەکرێت و ماوەی دوو ساڵە لە زینداندایە.

 

سلڤادۆر یەکێکە لەو وڵاتانەی کە یاساکانی دژی لەباربردن زۆر توندن، لە ساڵی ١٩٩٨دا دەقی یاسایەک ئامادەکرا کە هیچ ژنێک نابێت لەباربردن ئەنجام بدات، سەرەڕای دەستدرێژی و خراپی باری تەندروستی کۆرپە و دایکەکە، بەپێی یاساکانی سلڤادۆر کوشتن و لەباربردن هەمان ماددەی یاسایی دەیانگرێتەوە.

 

لە زۆربەی وڵاتانی کاسۆلیکی لە ئەمریکای لاتین، سزای لەباربردن ئەوپەڕی ٨ ساڵ زیندانییە، بەڵام لە حاڵەتێکدا کە سکپڕی مانگەکانی ناوەڕاست بێت، یاخود منداڵێکی پێگەشتوو لەبارببرێت، سزاکە لە ٣٠-٥٠ ساڵ دەیگرێتەوە.

 

لە ٢٠ ساڵی ڕابردوودا ١٨٠ ژن لە سلڤادۆر بەهۆی لەباربردنەوە دەسگیرکراون و سزایان بەسەردا سەپێنراوە.