چنینی فەرش؛ میراسێکی کۆنە کە ژنانی ئەفغانی هەڵیدەگرن بۆ داهاتوو

سەرەڕای چەوساندنەوە و توندوتیژی، ژنانی ئەفغانستان جارێکی دیکە خۆیان سەلماندەوە کە بڕبڕەی پشتی ئابووری خێزان و کۆمەڵگەن، لە ڕێگەی چنینی فەرش و لێهاتووییە نەریتییەکانیانەوە، تایەی بژێوی ژیانیان بە سوڕانەوە دەهێڵنەوە.

بەهاران لەهیب

 

بامیان- چنینی فەرش لە ئەفغانستان یەکێکە لە پیشە دەستییە کۆنەکان، ڕەگەکانی بۆ سەدان ساڵ لەمەوبەر درێژدەبێتەوە، ئەم هونەرە تەنها چالاکیەکی ئابووری نەبوو بۆ گەلی ئەفغانستان، بەڵکو بەشێکی دانەبڕاو بوو لە ناسنامەی کولتووری و نەریتی ئەو وڵاتە.

 

فەرشی ئەفغانستان بەهۆی کوالێتی بەرز و دیزاینە جوانەکانی و ڕەنگی سروشتییەوە ناوبانگێکی زۆری لە سەرانسەری جیهاندا هەبووە، کە زۆر کەسی سەرسام کردووە، لە زۆرێک لە خێزانەکاندا هونەری چنینی فەرش بە چەندین نەوە گوازراوەتەوە و وەک میراسێکی بەنرخ بەردەوامە.

 

لە سەردەمی کۆندا گەلانی جیاوازی ئەفغانستان، بە تایبەتی لە باکوور و ڕۆژئاوا و باکووری ڕۆژئاوا، فەرشیان دەکرد، تورکمان و ئۆزبەک و بەلوچ و هەندێک گروپی پشتون ڕۆڵێکی بەرچاویان لە پەرەپێدان و بڵاوبوونەوەی ئەم هونەرەدا هەبوو، ئەوان لە خوڕ مەڕ و بۆیەی سروشتی کە لە ڕووەک دەرهێنراون بۆ چنینی فەرش لە ماڵەکاندا بەکاردەهێنران و هەروەها بە شێوەیەکی بازرگانی دەفرۆشران.

 

یەکێک لە تایبەتمەندییە گرنگەکانی فەرشی ئەفغانستان، دیزاین و نەخشە جیاوازەکانیەتی، هەر ناوچەیەکی وڵات شێوازی تایبەتی خۆی هەیە بۆ چنینی فەرش، کە ڕەنگدانەوەی کولتوور و شێوازی ژیانی خۆیەتی، لە ڕابردوودا زۆربەی فەرشەکان لە ماڵەکاندا بە دەست دەچنران، ژنان ڕۆڵی سەرەکییان لەم پیشەیەدا دەگێڕا، ژنانی گوندنشین لەگەڵ کارەکانی ماڵەوەی ڕۆژانەیان، کاتژمێرێکی زۆریان بە چنینی فەرشەوە بەسەر دەبرد، ئەم کارە تەنها ڕێگەیەک نەبوو بۆ پاراستنی نەریتە کولتوورییەکان بەڵکو سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی خێزانەکانیش بوو، کە بەشداربوو لە خۆشگوزەرانی ئابووری زۆرێک لە خێزانەکان.

 

لەگەڵ تێپەڕبوونی کات و گۆڕانی بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری، پیشەسازی چبینی فەرش لە ئەفغانستان گۆڕانکاری زۆری بەسەردا هاتووە، لە هەندێک کاتدا شەڕ و نائەمنی بووە هۆی دابەزینی بەرهەمهێنانی فەرش، بەڵام سەرەڕای ئەم ئاڵەنگاریانە، گەلی ئەفغانستان توانیان ئەم هونەرە دێرینە بپارێزن و زیندوویان بکەنەوە، زۆرێک لە بێژەرەکان تەنانەت لە سەختترین بارودۆخیشدا بەردەوام بوون لە کارەکانیان.

 

لە ساڵانی ڕابردوودا فەرشی ئەفغانستان جارێکی تر سەرنجی بازاڕە نێودەوڵەتییەکانی ڕاکێشا، پێشانگا نێودەوڵەتییەکان و هەناردەکردنی فەرش بۆ وڵاتانی جیاواز لە سەرانسەری جیهاندا بەشدارییان کردووە لە گەڕاندنەوەی ئەم پیشەسازییە بۆ پێگەی گرنگی خۆی لە ئابووری وڵاتدا، لە لایەکی دیکەوە زۆرینەی کۆمەڵگە لە ژێر دەسەڵاتی تاڵیباندا بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنێت، بۆیە چنینی فەرش یەکێکە لە گرنگترین ئامرازەکانی بژێوی ژیان، بەتایبەتی بۆ ژنان، کە زۆرینەی ئەو کەسانە پێکدەهێنن لەم بوارەدا کاردەکەن.

 

”سەرەڕای سەختییەکان، ژنان بەردەوامن لە کارکردن”

مەعسومە حسێنی، خەڵکی پارێزگای بامیانە، سەرەڕای ئەوەی دەرچووی زانکۆیە، بەڵام لەگەڵ هاوژینەکەی ناچارن بەشداری لە ماڵی خێزانە پێنج کەسییەکەیاندا بکەن.

 

بامیان یەکێکە لە ساردترین پارێزگاکانی ئەفغانستان، کە پلەی گەرما دەتوانێت بۆ -٢١ پلەی سەدی دابەزێت، ئاژەڵداری بەربڵاوە و پارێزگاکە شانازی بە ڕێژەیەکی زیاتری ژنانی خوێندەوارەوە دەکات بە بەراورد بە هەندێک پارێزگای دیکە، بەڵام بەهۆی هەڵاواردنی نەتەوەیی لەلایەن حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانەوە، دانیشتووانی پارێزگاکە تەنانەت لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانیش بێبەش بوون.

 

وتیشی: زستانەکانی بامیان بە سەختی ساردن، هەروەها ژن هەن لەم کۆمپانیایە کاردەکەن، بەڵام بەهۆی سەرمایەکی زۆرەوە، هەمووان ئامێری چنینی فەرشیان بردۆتەوە ماڵەوە بۆ ئەوەی بەردەوام بن لە کارکردن.

 

شایەنی باسە زۆربەی خێزانەکان لە زستاندا تەنها دەتوانن ژوورێک گەرم بکەنەوە و هەندێکیان تەنانەت ئامرازی گەرمکردنی ئەو ژوورەیان نییە، لە ئەنجامدا خەڵک هەر شتێک کە بتوانن وەک سووتەمەنی بەکاری بهێنن هەڵیدەگرن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پیسبوونی هەوا، هەروەها تەنها دوو ژن توانیان وەرشەکانیان بگوازنەوە بۆ ماڵەکانیان، چونکە ژوورەکانیان کەمێک گەورەتر بوو.

 

مەعسومە حسێنی جگە لە چنینی فەرش بۆ ئەو کۆمپانیایە، خواردنیش بۆ کرێکاران ئامادە دەکات، وتی: ماوەی دوو ساڵە لەم کۆمپانیایە کاردەکەم، سەرقاڵی چنینی فەرشم، ئەم فەرشەی لێرە دەیبینیت نزیکەی مانگێکی پێچوو تا دروستی بکەم.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، کۆمپانیاکە خوریمان بۆ دابین دەکات، کە دەیخولێنینەوە بۆ دەزووی فەرش، دواتر ڕەنگ دەکرێت، دوای ئەوەش پێمان دەدرێت بۆ ئەوەی دەست بە چنینی بکەین، ئەمەش ئەو فەرشەیە کە بەرهەمی دەهێنین.

 

سەبارەت بە چۆنیەتی دەستپێکردنی کارەکەی، وتی: من لە کۆمپانیایەکدا فێرخواز بووم، دواتر وەرشەی بچووکم لە ماڵەکەمدا کردەوە و بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەستم کرد بە چبینی فەرش، هەروەها زۆرێک لە ژنان ڕۆڵێکی چالاک دەگێڕن لە بەرهەمهێنانی فەرشدا.

 

ڕوونیشیکردەوە، بەرهەمهێنانی فەرش یارمەتیدەرێکی زۆرە بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی خێزانەکەمان، جگە لە چنینی فەرش، ژنان خوریش دەهۆننەوە.