لە سلێمانی سزای لە سێدارەدان بۆ بکوژی ژنێک دەرکرا

دادگای تاوانەکانی سلێمانی بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی سەرباغ محەمەد دەرکرد، کە بکوژەکە ئامۆزای خۆی بووە و لە لایەن كەسوكاری ژنە كوژراوەكەوە سوڵحی عەشایەری ڕەتکراوەتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

شەدە بەشیر، ڕۆژنامەنووس و بەرپرسی کارگێری ڕێکخراوی ڕاگەیاندن و ڕووناکبیری ژنان لە پەڕەی فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک سەبارەت بە سزادانی بکوژی ژنێك لە لایەن دادگاوە پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایگەیاند، ڕۆژی ڕابردوو و دوای شەش ساڵ دادگای تاوانەکانی سلێمانی بەپێی مادەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقی، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژی ژنێکی گەنجی تەمەن ١٧ ساڵ بە ناوی سەرباغ محەمەد دەرکرد، کە لە گوندی هەڵشۆ بەهۆی کێشەیەکی زەوی و زارەوە کوژراوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، بکوژەکە ئامۆزای خۆی بوو، هەروەها بە هاوکاری هەر دوو پارێزەر “کارزان عەبدولفازل و ئازار رافع”، دایک و باوکی و ڕێکخراوەکەمان دوای چەند ساڵ کار کردن تاوانبار سزا درا، هەروەها، لە لایەن كەسوكاری ئەو ژنە گەنجەوە سوڵحی عەشایەری ڕەتکرایەوە.

 

ساڵی ٢٠١٩ سەرباغ محەمەد لە گوندی هەڵشۆی سەر بە شارۆچکەی قەڵادزێی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین، لە لایەن ئامۆزایەکیەوە بە ناوی "هـ، ع" کوژرا، بکوژەکە بە مەبەستی کوشتنی باوکی سەرباغ و لەسەر کێشەی زەوی و زار دەستڕێژی گوللەی لە ماڵەکەیان کردبوو، بەڵام سەرباغ بۆ پاراستنی باوکی خۆی دابووە بەر گوللەکان و لە ئەنجامدا بەهۆی بەرکەوتنی دوو گوللەوە، گیانی لەدەستدا.