چارەنووسی چوار چالاکوانی ژنی کورد لە دەستبەسەرکراوانی ٨ـی ئادار نادیار

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاوی کردەوە، چوار چالاکوانی ژنی کورد لە دەستبەسەرکراوانی ٨ـی ئادار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان چارەنووسیان نادیارە،و سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەو ژنە کوردانە هیچ زانیارییەک لەبەردەست دا نییە.

ناوەندی هەواڵ- تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان سەبارەت بە بارودۆخی ژنانی دەستبەسەرکراوانی کورد لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە بەمجۆرە زانیارییان خستوەتەڕوو.

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندووە، چوار ژنی چالاکوانی کورد بە ناوەکانی باران ساعیدی، لەیلا پاشایی، سوهەیلا مەتاعی و سۆما محەمەد ڕەزایی کە بە هۆی بەشداری کردنیان لە مەراسیمەکانی ٨ـی ئادار لە شارەکانی سنە و دێگولان لە لایەن هیزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە بە بێ فەرمانی دادوەر دەستبەسەرکران و چارەنووسیان نادیارە.

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو چوار ژنە کوردە لە دیداری بنەماڵە و وەرگرتنی پارێزەر بێبەش بوون. سەرەڕای بەدواداچوونی بەردەوامی بنەماڵەی ئەو ژنە کوردانە بۆ وەرگرتنی زانیارییەک لەسەر چارەنووسیان، بەڵام دامودەزگا ئەمنی و دادوەرییەکان ئامادە نەبوون هیچ ڕوونکردنەوەیەک بە بنەماڵەکانیان بدەن.

 

لە ٩ـی ئاداری ئەمساڵدا سۆما محەمەدڕەزایی و باران ساعیدی لە شاری سنە لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کران، هەروەها لە ١٠ـی هەمان مانگدا لەیلا پاشایی و سوهەیلا مەتاعی لە شارەکانی سەقز و دێگولان لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێرانەوە دەستبەسەر کران، سەرجەمیان بۆ دەستبەسەرگەی سنە گوازراونەتەوە.