چالاکی کەمپەینەکان بۆ هەشتی مارس

لە درێژەی چالاکی ڕێکخراوەکانی دادکۆکیکار لە مافی ژنان بۆ هەشتی مارس، ڕێکخراوەکانی و لایەنە حزبییەکان چەند چالاکییەکیان بۆ ئەو ڕۆژە ئامادەکردووە. تەرزە تەها

لە درێژەی چالاکی ڕێکخراوەکانی دادکۆکیکار لە مافی ژنان بۆ هەشتی مارس، ڕێکخراوەکانی و لایەنە حزبییەکان چەند چالاکییەکیان بۆ ئەو ڕۆژە ئامادەکردووە.

تەرزە تەها

 

لە هەرێمی کوردستاندا دەیان ساڵە یادی ڕۆژی جیهانی ژنان دەکرێتەوە، ڕێکخراوەکان چەندین چالاکی وەک، پێشانگا، کۆنفڕانس، پانێڵ، ڕێپێوان و گردبوونەوە ئەنجام دەدەن، ژنانیش بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداری چالاکییەکان دەکەن.

ڕێکخراو، چالاکوانان و کۆمەڵەکان هەوڵ دەدەن لەم ڕۆژەدا دەست بخەنە سەر کێشەکانی ژنان، هۆکارەکانیان بزانن و هەوڵی دیاریکردنی چارەسەرەکردنی کێشەکان دەدەن.

 

شەیدا مەعروف، ئەندامی لقی سلێمانی حزبی زەحمەتکێشانی کوردستانە و چالاکوانێکی بواری ژنانیشە، هاوکات ئەندامی چەند کەمپەینێکیشە، باس لە چالاکی بەشێک لە کەمپەینەکان بۆ ژنها دەکات.

 

 شەیدا مەعروف، ڕایگەیاند ئەوان وەک حزبی زەحمەتکێشانی کوردستان لەسەر داواکاری ژنانی چاکسازی ژنان پزیشکێکی پسپۆڕی بواری ژنان دەبەنە چاکسازییەکە، تا پشکنین بۆ ژنان بکات و چارەسەرییان بکات.

 

دەبارەی کەمپەینی بەسە ژن کوشتن،شەیدا مەعورف ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، کە بڕیارە لە ٦/٣دا پانێڵێک دەربارەی کێشەکانی ژنان ئەنجام بدەن، کە سێ تەوەر لە خۆ دەگرێت، هەروەها دوو شاعیری ژنیش بە خوێندنەوەی شعر بەشداری دەکەن، لە کۆتاییشدا هەشت ژن خەڵاتی ڕێزلێنان پێدەدرێت، کە خزمەتیان بە ژنان کردووە.

 

ئەو چالاکوانە، ئەوەشی خستەڕوە، بۆ ئەوەی کە چالاکییەکان تەنها لە سەرەتایی مانگ تا ٨مارس نەبێت و ڕۆژەکانی دوای ئەو یادە هیچ چالاکییەک نەبێت، بڕیارە وەک پڕۆژەی "برەودان بە خێزان و گەڕاندنەوەی خۆشەویستی ومتمانە" کۆنفڕانسێک لە دوای هەشتی مارسەوە ئەنجام بدەن.

بەپێی زانیارییەکان کۆنفڕانسەکەدا لە سێ تەوەردا باس لە کێشەکانی خێزان لە ڕووی دابونەریت، کەلتور، ئابوری دەکرێت.

 

شەیدا مەعروف، بە گرنگییەوە باسی لە ڕۆژی جیهانی ژنان کرد، ڕایگەیاند کە نابێت ڕێکخراوەکان چالاکییەکان تەنها لە سەرەتای مانگ و هەشتی مارسدا بێت، بەڵکو دەبێت تەواوی ڕۆژەکانی مانگی مارس بکرێتە ڕۆژی ژنان و ڕێکخراوەکان چالاکییان هەبێت.

باس لەوەشکرد، کە دەبێت ژنان هۆشیاری زیاترن هەبێت، ژنان خۆیان هۆشیارییان هەیە، بەڵام لەلایەن خێزانەکانیانەوە سەرکوت دەکرێن، دەبێت هەوڵی هۆشیارکردنەوەی سەرجەم ژنان بدەن، بە تایبەتیش لە ڕێکخراوەکاندا، چونکە کێشەی ئێستای بەشێک لە ژنانی ناو ڕێکخراوەکان لەوەدایە کە خۆیان هۆشیارییان نییە، دەڵێت " ژنی هۆشیار لەنێو ماڵەکەی خۆیدایەتی، لە پەروەردەکردنی تاکێکی هۆشیاردایە".

 

 لە ڕۆژی جیهانی ژناندا لە هەستی مارس لە تەواوی جیهاندا یادی ئەو ڕۆژە دەکرێتەوە، ژنانی سەرجەم وڵاتان بە شێواز و چالاکی جۆراو جۆر یادی ئەو ڕۆژە دەکەنەوە، لە هەرێمی کوردستانیش نزیکەی ٣٠٠ ڕێکخراوی تایبەت بە داکۆکی لە مافی ژنان هەن، بڕیارە چالاکی جۆراوجۆر لە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان دەکرێت.