چالاکوانێکی ژن بانگەوازیی بۆ کۆتاییهێنان بە کوشتنی ژنان کرد
شەدە بەشیر، چالاکوانی مافەکانی ژنان، بەهۆی زیادبوونی کوشتنی ژنان و بێهەڵوێستی لایەنە پەیوەندیدارەکان، بانگەوازی بۆ فشار و کۆدەنگی گشتی کرد؛ ئەمەش دوای ئەوەی لە حەوت مانگدا ۳۹ ژن لە باشووری کوردستان کوژراون و بو گوماناوی گیانیان لەدەستداوە.
ئاژانسی هەواڵ
لە سایەی بەردەوامی دیاردەی کوشتنی ژنان و کەمتربوونەوەی کاردانەوە فەرمییەکان، شەدە بەشیر، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، ڕەخنەی توندی لە لایەنە پەیوەندیدارەکان گرت و بانگەوازییەکی سەراسەری بۆ ڕێکخراوەکان، ڕۆژنامەنووسان، هونەرمەندان و تەواوی چینوتوێژەکانی کۆمەڵگە بڵاوکردەوە بە مەبەستی درووستکردنی فشار و کۆدەنگییەکی گشتی بۆ وەستانەوە دژی ئەم دۆخە.
شەدە بەشیر لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوە کرد، ئامارە نافەرمییەکان و هەواڵی ڕۆژانەی کوشتنی ژنان لە هەرێمی کوردستان جێگەی نیگەرانی و داخە، بەڵام لەوەش بەئازارتر نەبوونی هەڵوێست و کاری جدی لایەنی بەرپرسە. ناوبراو داوای کرد سنووری جیاوازییەکان ببەزێندرێن و ڕایگشتییەک درووست بکرێت تا دۆسیەی کوشتنی ژنان تەنها نەبێتە بابەتێکی کاتیی میدیاکان و دوای چەند ڕۆژێک لەبیر ببرێتەوە.
ئەم بانگەوازییە لەکاتێکدایە کە ڕەوشی یاسایی لە هەرێمی کوردستان ئاستەنگی ڕووبەڕوو بووەتەوە؛ سەرەڕای ئەوەی لە ساڵی ٢٠٠٢دا پەرلەمانی کوردستان یاسای سزاکانی عێراقی (ژمارە ١١١ی ساڵی ١٩٦٩)ی هەموارکردەوە و کوشتنی بە پاساوی "نامووس" وەک کوشتنی بەئەنقەست پۆڵێن کرد، بەڵام بەپێی وتەی چاودێران، دەستێوەردانی حزبی و خێڵەکی لە دەسەڵاتی دادوەریدا ڕێگرە لە جێبەجێکردنی سەروەریی یاسا و پاراستنی ژنان.
بەپێی ئامارە کۆکراوەکان، لە حەوت مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە باشووری کوردستان ٣٩ ژن بوونەتە قوربانی، کە ١٦یان کوژراون و ٢٣ی دیکەیان بە شێوەی گوماناوی گیانیان لەدەست داوە. شەدە بەشیر جەختی کردەوە: ژیانی هیچ ژنێک نابێت ببێتە ژمارەیەک لە ئامارەکاندا، تەنها بە کۆدەنگی و یەکدەنگی دەتوانین ژیان بپارێزین.