چالاکوانێکی ئیتاڵی: پێویستە گوێ لە داخوازییەکانی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بگرن
جەجیلیا بریگهی، ئەندامی تۆڕی ژنانی ئیتاڵیا بە ناوی نۆی ڕەتە دۆنە، بە پەیامێک پشتیوانی خۆی بۆ خەباتی ژنان دەربڕی و ڕایگەیاند، پێویستە دیپلۆماسی نێودەوڵەتی گوێ لە داواکارییەکانی ژنانی سووریا بگرێت.
هێلین خۆبوون
ئیتاڵیا- هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و چەتەکانی بۆ سەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، دژی هێرشەکان ژنانی ناوچەکە بە ڕاگەیاندنی سەفەربەریی لە هەموو بوارەکاندا تێدەکۆشن و دەڵێن دەستبەرداری دەستکەوتەکانیان نابن، لە بەرامبەر ئەمەشدا پەیامی پشتیوانی لە ژنان لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتییەوە بۆ خەباتی ژنان لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە.
جەجیلیا بریگهی، ئەندامی تۆڕی ژنانی ئیتاڵیا بە ناوی نۆی ڕەتە دۆنە، پەیامێکی پشتیوانی سەبارەت بە داواکاری و هەڵوێستی ژنانی سووریا نارد، تێیدا ئاماژەی بەوەدا کە دیپلۆماسییەتی وڵاتانی جۆراوجۆر کە پشتیوانی لە پرۆسەی گۆڕانکاری دیموکراسی لە سووریا دەکەن، پێویستە لە بەرامبەر داواکارییەکانی ئەنجوومەنی ژنانی سووریا و ئەو ئەزموونە نائاساییەی کە ساڵانێکە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە ، بە هەر شێوەیەک بێت بێنە سەر هێڵ.
"ژنانی سووریا داوا دەکەن دان بە 'ئیرادەی ژنان'دا بنرێت"
جەجیلیا بریگهی لە پەیامەکەیدا وتی: ئەو قوربانیانەی کە دەیان ساڵە لەلایەن ڕژێمی دیکتاتۆری بەشار ئەسەد و داعش و توندڕەوە ئیسلامیەکانەوە تووشی توندوتیژی و دەستدرێژی و کوشتن بوون، ژنن، نۆی ڕەتە دۆنە بەردەوامی تاوان و کوشتن و ڕفاندن و توندوتیژی دژی ژنان و کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان شەرمەزار دەکات، هەروەها پشتیوانی لە ئامانجەکانی ئەنجوومەنی ژنانی سووریا دەکات، کە بڕیارە داهاتوویەکی ئازاد بۆ هەموو خەڵکی سووریا بونیاد بنێت، ژنانی سووریا داوا دەکەن دان بە 'ئیرادەی ژنان'دا بنرێت، نوێنەرایەتییەکی دادپەروەرانە و یەکسانی ژنان لە هەموو پرۆسەکانی بڕیاردان و لە لیژنەی دەستووری نوێدا گەرەنتی بکرێت، چونکە ژنان نوێنەرایەتی زیاتر لە نیوەی کۆمەڵگەی سووریا دەکەن.
بانگەوازی 'رێزگرتن لە داواکارییەکان'
جەجیلیا بریگهی ڕایگەیاند، ئەنجومەنی ژنانی سووریا لە نێوان شتەکانی تردا داوای دامەزراندنی لیژنەیەکی ڕاست و دادپەروەر دەکات بۆ لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوە لە هەموو تاوانەکانی جەنگ و تاوانەکانی دژی ژنان و مافەکانی مرۆڤ، هەروەها باسی لەوە کردووە کە دامەزراندنی وڵاتێکی دیموکراتیک و دادپەروەرو پارێزراو تەنها بە بەشداری یەکسانی ژنان و هەموو گروپە ئایینی و کولتووری و نەتەوەییە جیاوازەکان لە سووریادا دەکرێت، پەیامەکەی جەجیلیا بریگهی بەم داواکاریانەی خوارەوە کۆتایی هات: دیپلۆماسیەتی وڵاتانی جۆراوجۆر کە پشتیوانی لە پڕۆسەی گۆڕانکاری دیموکراسی لە سووریا دەکەن، پێویستە داواکارییەکانی ئەنجومەنی ژنانی سووریا و ئەو ئەزموونە نائاساییەی کە ساڵانێکە لە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا بەردەوامە، جێبەجێ بکات و ڕێزی لێبگرێت.
نۆی ڕەتە دۆنە، تۆڕێکی نافەرمی ژنانی ئیتاڵییە، زیاتر لە ١٥ ساڵە بە پەرۆشەوە کار لەسەر پرسەکانی دیموکراسی و یەکسانی دەکات، بە ئامانجی بەشداریکردنی یەکسانی ژنان لە پرۆسەکانی بڕیاردان و لە سەرجەم پێکهاتە و بەشەکاندا، لە هەموو بوارەکاندا لە ڕۆشنبیرییەوە تا زانست، لە یاساوە تا سیاسەت و ئابووری.