چالاکوانێک بەشداری هەڵمەتی دژ بە "ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئەفغانستان و ئێران" دەکات

چالاکوان زەرقا یەفتەلی بەشداری لە هەڵمەتی دژ بە ئاپارتایدی ڕەگەزی لە ئەفغانستان و ئێران کرد و داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە ئەمە بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسێنن.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی تاڵیبان لە ناوەڕاستی مانگی ئابی ٢٠٢١ دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتەوە، ژنان لە مافی خوێندن، کارکردن، مافە سیاسی و مەدەنییەکانیان بێبەش کراون، زۆرێک لە چالاکوانانی مافی ژنان ئەو کارانەی تاڵیبانیان بە "ئاپارتایدی ڕەگەزی" زانی، بەڵام ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ هیچ هەنگاوێکی دیاریکراویان لە دژی تاڵیبان نەگرتووەتەبەر.

 

زەرقا یەفتەلی، چالاکوانی مافی ژنان لە پەیجی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی"ئێکس" ئاماژەی بەوەکرد، بەشداری لە هەڵمەتی جیهانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی "ئاپارتای دیڕەگەزی لە ئەفغانستان و ئێران" دەکات.

 

زەرقا یەفتەلی داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کە ئاپارتایدی نێوان ڕەگەزەکان بە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسێنن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوەی بزووتنەوەی تاڵیبان دژی گەلی ئەفغانستان و بەتایبەتی ژنان دەیکات، جیاکاری ڕەگەزی لەنێوان ڕەگەزەکاندا دروستکردووە، لە ئەفغانستان ژنان لە مافە سەرەتاییەکانی وەک خوێندن، کار، بەشداری سیاسی بێبەش دەکرێن، ناتوانن بەبێ پیاو گەشت بکەن، ئازاد نین بچنە پارکە گشتیەکان، ئەم جیاکارییە سیستماتیکییە بەرامبەر بە ژنان فۆرمێکی ڕوونی ئاپارتایدی ڕەگەزییە.

 

تیشکی خستەسەر ئەو ڕێگریانەی کە بەسەر ژناندا سەپێندراون، ڕوونیکردەوە لە کۆی ١٥١ بڕیار کە تاڵیبان لە ساڵی ٢٠٢١ەوە دەریانکردووە، ٩٥ بڕیار بە تایبەتی ژنانیان کردووەتە ئامانج، داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ کرد کەهاودەنگی نیشان بدەن بۆ پشتیوانیکردن لە ژنانی ئەفغانستان، هەوڵەکانیان هەماهەنگ بکەن بۆ ناساندنی ئاپارتایدی ڕەگەزی وەک تاوانێک دژی ژنان.