چالاکوان و هاوسەرۆکانی بناری قەندیل: پەکەکە ناسنامەی ژن و گەلی کوردی لە نەبوونەوە بۆ هەبوون گۆڕی

لە ساڵیادی دامەزراندنی پەکەکە، توێژە جیاوازەکانی بناری قەندیل بۆ ئاژانسی نوژنها دوان و تیشکیان خستە سەر کاریگەرییەکانی ئەم یادە لەسەر ژیان و ئازادی گەلی کورد و مرۆڤایەتی، وتیان: پەکەکە ناسنامەی ژن و گەلی کوردی لە نەبوونەوە بۆ هەبوون گۆڕی.

بناری قەندیل

 

بۆ ٢٧ی تشرینی دووەم، ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان "پەکەکە"، لە بناری قەندیلەوە جەخت لەوە دەکرێتەوە کە ئەم بزووتنەوەیە نەک تەنها وەرچەرخانێکی مێژوویی بووە، بەڵکو شۆڕشێکی هزری و کولتووری بەرپا کردووە کە تیایدا ژنان بوونەتە خاوەن هێز و ئیرادەی پۆڵایین. چالاکوانان و هاوسەرۆکانی ناوچەکە بۆ ئاژانسی نوژنها دووپاتی دەکەنەوە، کە سیستەمی هاوسەرۆکایەتی لە بناری قەندیل نموونەیەکی زیندووی ئەو یەکسانییەیە کە فەلسەفەی ڕێبەر ئۆجالان بەدیهێناوە.

 

"پەکەکە بووە ڕزگارکەری گەلێک لە فەوتان"

ڕوناهی حسێن، چالاکوانی ژن لە بناری قەندیل، سەبارەت بە گرنگی مێژوویی ئەم یادە بۆ ئاژانسی نوژنها وتی: "گەر ئاوڕێک لە مێژوو بدەینەوە، بەتایبەت ساڵانی ١٩٦٠ بۆ ١٩٨٠ لە باکووری کوردستان، گەلی کورد لەبەردەم مەترسی سڕینەوە و نەماندا بوو، هیچ ناسنامە و کولتوورێکی پارێزراو لە ئارادا نەبوو. بەڵام بە سەرهەڵدانی تەڤگەری ئازادی وەک شۆڕشێکی فکری بە پێشەنگایەتی ڕێبەر ئۆجالان، قۆناغی رزگارکردنی گەلێک لە فەوتان دەستیپێکرد.

 

ئەو چالاکوانە ئاماژەی بەوەشدا کە پەکەکە تەنها حزبێک نییە، بەڵکو فەلسەفەی ژیانە و وتی: "ئەم بزووتنەوەیە کوردی گەیاندە قۆناغی ئەمڕۆ کە وەک 'زیندووبوونەوە' پێناسە دەکرێت. پەکەکە یەکەم حزب بوو کە ژنی کردە خاوەن هێز و ناسنامەی تایبەتی خۆی، دروشمی 'ژن، ژیان، ئازادی'ـش کە ئێستا جیهانی تەنیوە، بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەم فەلسەفەیەیە.

 

ڕوناهی حسێن داواشی کرد لە ڕۆژی ٢٧ـی تشرینی دووەم، هەمووان بەشداری مەراسیمەکان بکەن و خاوەنداری لەو دەستکەوتانە بکەن کە بە خوێنی شەهیدان بەدەستهاتوون.

 

"هاوسەرۆکایەتی؛ عەقڵییەتێکی ئازاد نەک تەنها پۆست"

 لاڤان حەمەدەمین، هاوسەرۆکی شارەوانی بناری قەندیل، پیرۆزبایی ئەم ساڵیادەی کردو باسی لە ڕەنگدانەوەی بیری ڕێبەری گەلی لەسەر سیستەمی بەڕێوەبردن کردو وتی: "ئێمە لە لانکەی شۆڕش و بەرخودانەوە، لە بناری قەندیل سەلماندوومانە کە هاوسەرۆکایەتی تەنها پۆستێکی ئیداری نییە، بەڵکو عەقڵییەتێکی ئازادە. لێرە ژن و پیاو بە ڕۆحێکی هەڤاڵانە و بە یەکسانی کارەکان بەڕێوەدەبەن، هەر بەهۆی کاریگەری ئەم فیکرەوەیە کە توندوتیژی دژی ژنان لەم دەڤەرەدا بوونی نییە.

 

 ئەوەشی خستەڕوو، کە لە سەرجەم دامودەزگاکانی بناری قەندیل، لە شارەوانییەوە تا نەخۆشخانەکان، بەشداری یەکسانی ژنان و پیاوان دەبینرێت، ئەمەش وەک نموونەی کاریگەری ڕاستەوخۆی ڕێبازی ڕێبەر ئۆجالان لەسەر ژیانی کۆمەڵگە.

 

لە کۆتایی قسەکانیدا لاڤان حەمەدەمین وتی: ٢٧ی تشرینی دووەم بۆ ئێمە ڕۆژێکی پیرۆزە و تەنها دامەزراندنی حزبێک نییە. وەک شارەوانی ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ پێشوازیکردن لەم یادە شکۆدارە و هیوادارین ببێتە هەوێنێک بۆ بەرەوپێشچوونی زیاتری پڕۆسەی ئاشتی و ئازادی."