بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان داوای هەنگاوی نێودەوڵەتی بۆ کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن لە دەسەڵاتی تاڵیبان دەکات
ئەندامانی بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان لە ئیسلام ئاباد داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد هەنگاوی بناغەی لەدەرەوەی لێدوان و کۆبوونەوە بۆ کۆتایی هێنان بە پێشێلکردنی مافەکانی ژنان لە ئەفغانستان بنێن.
ناوەمدی هەواڵ
لە دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، پێشێلکارییەکان دژی ژنان لە ئەفغانستان پەرەی سەندووە، ئەمەش لەکاتێکدایە کە سنووردارکردنی توندی پەروەردە، دامەزراندن و ئازادی هاتوچۆ، نیگەرانی نێودەوڵەتی پەرەسەندووە سەبارەت بە تێکچوونی بارودۆخی مرۆیی و کۆمەڵایەتییان.
ئەندامانی بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان لە شاری ئیسلام ئابادی پاکستان کۆبوونەوە بۆ یادکردنەوەی ٨ی ئادار ڕۆژی تێکۆشانی ژنان، بەمەبەستی شەرمەزارکردنی دۆخی ژنان لە ئەفغانستان خۆپیشاندانێکی ناڕەزایەتییان ئەنجامدا.
بزووتنەوەکە ڕایگەیاندووە، کە ٨ی ئادار هێمای هاودەنگی ژنانە لە سەرانسەری جیهاندا لە پێناو بەدواداچوونی دادپەروەری و یەکسانی و شکۆموندی مرۆیی، بەڵام بۆ ژنانی ئەفغانستان بووەتە بیرهێنانەوەی ئازاربەخش بۆ ساڵانێک لە چەوساندنەوە و وەدەرنانی سیستماتیکی و جیاکاریی ڕەگەزی.
بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە، کە ژنان و منداڵانی کچی ژێر دەسەڵاتی تاڵیبان لە سەرەتاترین مافە مرۆیی و کۆمەڵایەتییەکانیان بێبەش دەکرێن، داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد لە ڕاگەیانداراو و کۆبوونەوە فەرمییەکان زیاتر بچێتە دەرەوە و هەنگاوی بناغەی بنێن بۆ کۆتاییهێنان بە جیاکاریی ڕەگەزی.
بەشداربووان هۆشدارییان دا لەوەی بێدەنگی درێژخایەن بەرامبەر ستەمکاریی ژنان هاوبەشی پێکدەهێنێت و پرسیاریان کردووە، ئەگەر مافی مرۆڤ بۆ هەمووان مسۆگەر بکرێت، بۆچی ژنانی ئەفغانستان لێیان بێبەش دەکرێن؟ هەروەها ژنانی ئەفغانستان بەرگری لە مافە بنەڕەتییەکانیان دەکەن و درێژە بە خەبات و ناڕەزایەتیی ئاشتیانەیان دەدەن.
تاڵیبان لە ماوەی زیاتر لە چوار ساڵی دەسەڵاتداریدا بە پێشێلکردنی بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ و چەسپاندنی هەڵاواردنی ڕەگەزی تۆمەتبار کراوە، سەرەڕای بانگەشەی دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان بە پێی یاسای ئیسلامی، پێشتر شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایان کردبوو کە هەڵاواردنی ڕەگەزی وەک تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بناسرێت.