بزووتنەوەی ژنان: ١٥ی ئاب ڕۆژی ڕەشی ژنی ئەفغانییە
لە پێنجەمین ساڵڕۆژی گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، تۆڕی بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان ١٥ی ئابی بە "ڕۆژێکی ڕەش" ناوبرد؛ تێیدا سەرکۆنەی بێبەشکردنی ژنانیان لە خوێندن و کار کرد و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشیان لە بەرامبەر بێدەنگییدا بە بەرپرسیار زانی
ناوەندی هەواڵ
ژنانی ئەفغانی ڕووبەڕووی یەکێک لە دڕندەترین ژینگەکانی جیهان دەبنەوە، کە تێیدا مافە بنەڕەتییەکانیان لە مەترسییەکی بەردەوامدایە لەنێو نەبوونی پاراستنی یاسایی و پاشەکشەی بایەخی نێودەوڵەتیدا، ئەوەش داواکارییەکان بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و دادپەروەری کردووەتە پێویستییەکی بەپەلە بۆ دابینکردنی داهاتوویەکی دادپەروەرتر بۆیان.
لە راگەیاندراوێکدا بە بۆنەی ساڵڕۆژی پێنجەمین گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ دەسەڵات، تۆڕی بزووتنەوەی ژنانی ئەفغانستان ڕایگەیاند، کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، تاڵیبان دەرگای قوتابخانە و زانکۆکانی بەڕووی منداڵانی کچ و ژناندا داخستووە، بوونیان لە بازاڕی کار و بوارە کۆمەڵایەتییەکاندا کەمکردووەتەوە، خۆپیشاندان و ئازادییە بنەڕەتییەکانی هاوڵاتییانی سەرکوت کردووە.
بزوتنەوەکە ناوی ١٥ی ئابی بە "ڕۆژی ڕەشی ئەفغانستان" ناوناب و ڕەخنەی لەو شتە گرت کە بە دوورخستنەوەی ژنان و منداڵانی کچ لە خوێندن، کار و ژیانی کۆمەڵایەتی لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا پێناسە کرد، هەروەها ڕەخنەی لە کارکردی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان گرت سەبارەت بە دۆخی ژنانی ئەفغانی و ڕوونیکردەوە، کە سەرەڕای ئاگاداربوونی ئەو ڕێکخراوانە لە دۆخی ژنان، بەڵام زۆر جار تەنها بە دەربڕینی نیگەرانی، دەرکردنی بەیاننامە و ئەنجامدانی کۆبوونەوە سنووردار بوون.
بزووتنەوەکە ئاماژەی بەوە دا، کە لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، سەرەڕای سنووردارکردن و سەرکوتکردن، ژنانی ئەفغانی بەردەوام بوون لە خۆپیشاندان و بەرگریکردن لە مافەکانیان لە شەقامەکان، زیندانەکان، وڵاتانی دوورخستنەوە و کەشی ئینتەرنێتدا، هەروەها بۆ ئەندامەکانی، ١٥ی ئاب تەنها یادەوەرییەکی گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسیدا نییە، بەڵکو ئاماژەیەکە بۆ "پێنج ساڵ تاوان، ستەم و خیانەتکردن لە مافەکانی ژنانی ئەفغانی".
تۆڕەکە داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، کە ڕوشوێن و هەنگاوی کاریگەر دژی ئەو سنووردارکردنانە بگرنەبەر کە بەسەر ژنی ئەفغانیدا سەپێنراون و بەرپرسیار بن لە سیاسەتەکانیان سەبارەت بە دۆخی ژنان، لەگەڵ گۆڕینی شێواز و ڕێبازی دەزگا نێودەوڵەتییەکان، پرسیاری ئەوەیان ئاراستە کرد کە هەتاکو کەی ژنانی ئەفغانی دەبێت زیانبەرکەوتووی سیاسەتەکانی رێککەوتن ژێر بە ژێر و بێدەنگی ببن کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پەیڕەوی دەکات؟