لەمساڵدا تونس زیاتر لە ٢٦ هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنانی تۆمارکردووە

ژمارەی حاڵەتەکانی توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان لە وەرزی یەکەمی ئەمساڵدا گەیشتە نزیکەی ٢٦ هەزارو  ٩٥٦ حاڵەت.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس- هەرچەندە یاسای ژمارە ٥٨ لەسەر نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان دەستکەوتێکە، بەڵام وەک پێویست جێبەجێ نەکراوە، ئەمەش لە ڕێگەی ڕاپۆرتە فەرمییەکانەوە ئاشکرا بوو کە ڕێژەی توندوتیژی لە وڵاتەکەدا زیادی کردووەو بووەتە هۆی کوشتن، چونکە لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٣ەوە ٩ ژن لە تونس کوژراون.

 

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی یۆرۆمێد بەم دواییانە مێزێکی دەوری ڕێکخست لە هۆستێلێک لە پارێزگای قیروان لە ناوەندی ڕۆژئاوای تونس لەژێر ناونیشانی "دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە قیروان: ڕێگریکردن، پشتیوانی، هەماهەنگی"، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی ئەم دیاردەیە و ڕوونکردنەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە ڕووبەڕووی یاسای ئەندامی ژمارە ٥٨ ی ساڵی ٢٠١٧ بوونەتەوە لەسەر نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، جگە لە هەڵسەنگاندنی کاریگەری کارەکانی هەماهەنگی هەرێمی دژی توندوتیژی و جۆرایەتی ئەو خزمەتگوزارییانەی کە بۆ ژنانی توندوتیژی بەرامبەر کراو لە قیروان تەرخانکراون.

 

"ساڵانە دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان لە زیادبووندایە"

سەوسەن جەحبدی، پارێزەری مافەکانی مرۆڤ و بەرپرسی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی یۆرۆمێد لە قیروان، ڕوونیکردەوە ژمارەی حاڵەتەکانی پەیوەندیدار بە توندوتیژی دژ بە ژنان لە تونس لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا بە ڕێژەی ٤.٣% زیادی کردووە، بە بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی ڕابردوو، هەروەها ٧٠%ی توندوتیژی دژ بە ژنان توندوتیژی هاوسەرگیرییە، دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە تونس ساڵانە لە زیادبووندایە، تا ئەو ئاستەی کە بووەتە مەترسییەکی گەورە بۆ سەر پێکهاتەی کۆمەڵایەتی بەهۆی ڕێژەی کوشتنی ژنان لەلایەن هاوژینەکانیانەوە، کە لەمساڵدا تەنها لە قیروان بوو بە ٤ کوشتنی تۆمارکراو.

 

" توندوتیژی هاوسەرگیری بووەتە بەرزترین ڕێژەی توندوتیژی تۆمارکراو"

لە لایەکی دیکەوە، لیلیا عەلوینی، سەرۆکی کۆمەڵەی ژنانی دیموکراتی تونس، ئاماژەی بەوە کرد دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان نەک تەنها کاریگەری لەسەر ژنان هەیە، بەڵکو کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەش هەیە و تەنها بۆ تونس نییە، بەڵکو دیاردەیەکی جیهانییە کە هەموو ژنان لە هەرکوێیەک بن ئەزموونی دەکەن.

 

پێیوایە دیاردەی توندوتیژی لە ژینگەیەکی بچووکەوە دەست پێدەکات، کە خێزانە، بۆ فراوانکردنی بازنەکە و لە قوتابخانە و شوێنە گشتییەکان یان لە شوێنی کاردا ئەنجام دەدرێت، هەروەها توندوتیژی جەستەیی، زایەندی، زارەکی و توندوتیژی دیکە دەگرێتەوە، هەروەها توندوتیژی هاوسەرگیری بووەتە بەرزترین ڕێژەی توندوتیژی تۆمارکراو لە تونس.

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، زیادبوونی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان لە پارێزگای قیروان پەیوەندی بە بارودۆخی ئابووریی ناوچە گەندییە پەراوێزخراوەکەوە هەیە کە لە ناوەندی گوێگرتنی کۆمەڵەکەدا تێبینی کرا.

 

سەمیرە بوعلاق، پارێزەر لە لقی هەرێمی پارێزەرانی قیروان، باسی لە گرنگی یاسای ژمارە ٥٨ کرد لەسەر نەهێشتنی دیاردەی توندوتیژی دژ بە ژنان و ئاماژەی بەوەدا، گرنگی دەرکردنی ئەم یاسایە لە جێبەجێکردنیدا لەسەر زەوی ڕەنگدانەوەی هەیە نەک لە مانەوەی لەسەر ئاستی تیۆری، ئەم یاسایە بۆ زۆرێک لە ژنانی توندوتیژی بەرامبەرکراو نەناسراوە، وتیشی: هەر ژنێک کە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، دەچێت بۆ نەخۆشخانە بۆ وەرگرتنی ڕاپۆرتێکی پزیشکی کە تیایدا ئاماژە بەوە دەکات کە ڕووبەڕووی توندوتیژی بووەتەوە، ئامرازێکە بۆ سەلماندنی ئەوەی بەسەریدا هاتووە، ئاماژە بەوە دەکات ئەگەر کەموکوڕییەک هەبێت، بۆ نموونە، ئەگەر بەرواری مۆر یان ناوی پزیشک نەبێت، ئەوا مافی شوێنکەوتنی لەدەست دەدات بەهۆی کیشەی سەرچاوەی بڕوانامەی پزیشکی.

 

بەپێی ڕاپۆرتی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ئاسایشی نیشتمانی، تونس لە وەرزی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٣دا نزیکەی ٢٧ هەزار حاڵەتی توندوتیژی دژ بە ژنان و منداڵان تۆمارکردووە و ئەم دیاردەیە لەم دواییانەدا تا ئاستی کوشتنی پێشوەخت چڕبووەتەوە، لە کاتێکدا ژمارەی کوشتنی ژنان لە تونس لە سەرەتای ئەمساڵەوە و تا ١٥ی نیسان گەیشتە ٩ کوشتن.