بێریڤان ئەیوب بە دوو ساڵ زیندانی کردن سزا دراو ئازادبوونی بە مەرج دەیگرێتەوە

بێریڤان ئەیوب ئەو ژنە چالاکوانەی بادینان کە زیاتر لە ١٦ مانگ لە زینداندا بە بێ دادگایی کردن ڕاگیرابوو، لەلایەن دادگای بەرایی هەولێرەوە سزای دوو ساڵی زیندانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای ئەوەی لە ١٤ی شوبات بە بیانووی ئەوەی کوڕی دادوەرەکە تووشی ڕوداوی هاتوچۆ ببوو دادگایی بێریڤان ئەیوب دواخرا، لە ٢٨ی شوباتیش بە بیانووی درێژی ڕاپۆرتەکان دادوەر دووبارە دادگایی کردنەکەی دواخست، بەڵام ئەمڕۆ لە سێیەمین دانیشتنی دادگادا بڕیاری دوو ساڵ زیندانیکردن بەسەریدا سەپێندرا.

لەو بارەیەوە شایان عەسکەری پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستان لە پەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی نووسیویەتی: "ئەمڕۆ دانیشتنی سێیەم بوو بۆ دادگایی کردنی بێریڤان خان، دادگا بڕیاری ئازادبوونی بۆ بێریڤان ئەیوب دەرکرد".

 

ئاماژەی بەوەشکردووە کە ژنە چالاکوانی بادینان و دایکی پێنج منداڵ، کە زیاتر لە ١٦ مانگ بوو دەستگیر کرابوو بێ ئەوەی دادگایی بکرێت، بێریڤان لەسەر بەشداری کردن لە خۆپشاندان لە پارێزگای دھۆک دەستگیر کرابوو، بە ماوەی دووساڵ سزا درا ماوەی دەستگیرکردنەکەی لە ١٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠  بۆ ھەژمار کرا تا ٥ی ئاداری ٢٠٢٢ لەگەل ئازادکردنی مەرجدار .

شایان عەسکەری دەشڵێت: "ئەو ماوەیەی لە زیندان بووە پێویستە بۆی قەرەبوو بکرێتەوە، ئەو تەنھا چالاکی ئەوە بووە کە خۆپشاندانی کردووە".

 

هەروەها لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسییدا، بەشدار حەسەن پارێزەری كەیسی بێریڤان و چالاکوانێکی تر کە هەر ئەمڕۆ دادگایی بووە وتی: "دادگا پاش هەڵسەنگاندنی بەڵگەكان بە دوو ساڵ زیندانی کردن سزای دان، سەرەڕای تێبینیمان لەسەر سزاكە و  ئەو بەڵگانەی، ئاسایش پێشكەشی كردبوون و بەڵگەی لاواز بوون، بەڵام دادوەر بڕوای وابوو كە سزا بدرێن".

ئاماژەی بەوەشکرد کە هەوڵەكانیان دەستپێدەكەن ڕێكارەكانی ئیفراز شەرتی دەستپێدەكەن، بەو پێیەش هەر ساڵێك سێ مانگی لێ كەمدەكرێتەوە، بەمەش سزاکە ساڵێك و شەش مانگی دەمێنێتەوە، ئەوانیش ساڵێك و پێنج مانگە زیندانیكراون بۆیە مانگێكیان دەمێنێتەوە و ئازاد دەكرێن.