بێریڤان شاهۆ: سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ئەنجامی سیاسەتی توندڕەوی ڕژێمی ئێرانەوەیە

بێریڤان شاهۆ، ڕۆژنامەنووس دەڵیت: ڕژێمی ئێران لەگەڵ دەستبەکاربوونی لە ڕێگەی حوکمی زۆرەملێ، زیندانیکردن، لەسێدارەدان و بڵاوکردنەوەی ماددە هۆشبەرەوە، ژنانی سەرکوتکردووە، بەڵام لە دوای شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی"، لەدەنگ و ڕەنگی ژن دەترسێت.

هێلین ئەحمەد

 

سلێمانی- لە ڕۆژی ٢٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، بەهۆی قەیرانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی، خۆپیشاندان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دەستی پێکرد، سەرەڕای فشارەكانی ڕژێمی ئێران بۆ سەرکوتکردنی دەنگە ناڕازییەکان، بەڵام خۆپیشاندانەکان زیاتر پەرەی سەندووە و ئێستاش لە ١٩یەەمین ڕۆژیدایە، بەجۆرێک خۆپیشاندانەکانی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران دژ بە ڕژێم ڕۆژ لە دوای ڕۆژ فراوانتر دەبێت و هێزە سەرکوتکەرەکانیش بە چەک ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە و لەو چوارچێوەیەشدا زیاتر لە دوو هەزار خۆپیشاندەر دەستبەسەر کراون و ٤٩١ خۆپیشاندەریش کوژراون، هەروەها لە شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی" یەوە ژنان لە خۆپشاندانەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران ڕۆڵی کارایان هەیە، لە ئێستادا ژنان ڕووبەڕووی گرتن و لە سێدارەدان و کوشتن دەبنەوە، چونکە ڕژێمی ئێران لە دەنگی ژن دەترسێت.

 

"بەرخۆدانەکانی گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە ئەنجامی زەبروستەمی دەسەڵاتی ئێرانەوەیە"

بێریڤان شاهۆ، ڕۆژنامەنووس، وتی: چەندین ساڵە گەل ناڕەزایەتی دژ بە ڕژێمی ئێران هەیە، بەڵام زیاتر لە ١٤ ڕۆژە گەل دژ بە ڕژێمی ئێران خۆپشاندان ئەنجامدەدات، هەروەها سەرەڕای خراپبوونی بارودۆخی ئابووری، سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکان دەگەڕێتەوە بۆ ڕق و کینەی هاوڵاتیان بەرامبەر دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران، بەجۆرێک گەل چەندین ساڵە ڕق و توڕەی پەنگ خواردووی ناخیان بەرامبەر بە نادادپەروەری  دەسەڵاتی دیکتاتۆردەردەبڕن، پاشان لە دوای شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی" یەوە دەسەڵاتی داگیرکەر گرتن و ئەشکەنجەدانەکانی بۆسەر هاوڵاتیان چڕترکردوەتەوە، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان لە دوای شۆڕشی " ژن، ژیان، ئازادی"یەوە، زیاتر لە ٢ هەزار کەس لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە سێدارە دراون، بۆیە هەموو ئەو لەسێدارەدانانە گەلی ناوچەکەی توڕەکردوە و لە ئێستاشدا ڕووبەڕووی دەسەڵاتێکی دڕندە و دیکتاتۆر دەوەستنەوە، هەروەها سەرجەم ئەو کەسانە ڕۆڵەی گەلن، بەڵام ناچارن لە پێناو بەدەستهێنانی مافەکانیان بەرامبەر دەسەڵات بوەستنەوە، تەنانەت بەشێک لە گەنجان لە ئەنجامی ئەو قەیرانە ئابووری و دۆخە سیاسییەی کە دروستبووە خاک و وڵاتی خۆیان بە جێدەهێڵن، هەروەها دەسەڵاتی ئێران لە ناوچەکەدا بەردەوام لە ڕێگەی زیندانی کردن و لە سێدارەدانی گەنجانەوە دەنگە ناڕازییەکان کپ دەکات، لە ئێستاشدا هاوڵاتیان بەبێ گوێدانە زیندانیکردن و لە سێدارەدان دەڕژێنە سەر شەقامەکان تا بتوانن مافەکانیان بەدەست بهێنن، هەروەها بۆئەوەی بتوانن ڕۆژهەڵاتی کوردستان وئێران لە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ڕابماڵن، ناڕەزایەتییەکانیش لە کۆمەڵێک ناوچەدا سەریهەڵداوە، کە ڕژێمی ئێران بە چڕی سیاسەتی گرتن و لە سێدارەدان و ئەشکەنجەدانی هاوڵاتیانی تێدا پەیڕەوکردووە، بە جۆرێک دەسەڵاتی ئێران ئەو بەشانەی دابڕیووە لە بەشەکانی تری ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە تێیدا باس لە ماف و نەتەوە و کوردبونیان دەکرێت، کە لە ئێستادا پێشڕەوایەتی بەرخۆدانەکان دەکەن. 

 

" ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان خاوەنی ڕۆحیەتێکی شۆڕشگێڕین"

بێریڤان شاهۆ، ڕۆژنامەنووس، وتی: لە ئەنجامی ئەو جوگرافیا تایبەتەی کە هەیە، ژنان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران خاوەن ڕۆحیەتێکی تێکۆشان و بەرخۆدانین، هەروەها هەر لە کۆنەوە لە تەواوی نەتەوە جیاوازەکاندا ژنان ڕۆڵی گرنگیان لە خەبات و تێکۆشانەکاندا هەبووە، ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی سەرکوتکاریدا هەڵگری تێکۆشانێکی مێژووین، هەروەها مێژوو شایەتی لەسەر خەباتی ژنان دەدات، کە بەرخۆدان و خاوەنپێگە و هەڵوێستبوون بەرامبەر ڕووس و ئینگلیزەکان، هەروەها لەگەڵ هاتنە سەر کاری ڕژێمی دیکتاتۆری ئێران یەکێک لەو سیاسەتانەی بەڕێوەی دەبرد، ئەوەبوو کە ژنان بەشێوازێکی پێچڕاوی زۆرەملێ ڕادەهێندران، کە دواتر لە ٨ی ئاداری ساڵی ١٩٧٩، لە ئەنجامی سیاسەتی باڵاپۆشی، نزیکەی ٨ بۆ ١٥ هەزار ژن ڕژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتییان دەردەبڕی، هەروەها هەمیشە کەسایەتی ژنی لە کۆمەڵگەدا بێدەنگ دەکرد، بەڵام ژنان لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا خەبات و بەرخۆدانی خۆیان چڕتر دەکردەوە، تا شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" کە توڕەی و بەرخۆدانی ژنان تێیدا گەیشتە لوتکە، ئیتر کۆمەڵگە بۆی دەرکەوت تا ژن ئازاد نەبێت کۆمەڵگە ئازاد نابێت، پاشان ژنان بونە ناوەندی بڕیاردان و پێشەنگایەتی چالاکی و ناڕەزایەتییەکانیان دەکرد، بەڵام دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران بۆ کپکردنەوەی ڕاپەڕینی ژنان و هەبوونی پێگەی ژنان، بەردەوام لە دەسەڵات و تواناکانی ژنان دەدات، ئەویش لە ڕێگەی زیندانی کردن و لە سێدارەدان و خستنە بازاڕی ماددە هۆشبەرەکانەوە، بۆئەوەی قەتیسیان بکات، بۆیە بەردەوام ژنان لە دروستکردنی یەکێتییەکدان تا بتوانن دەنگیان لە دژی ڕژێمی ئێران یەک بخەن.

 

''داواکاری هاوڵاتیان نەمانی دەسەڵاتی سەرکوتکارییە''

لە کۆتایی قسەکانیدا، جەختی لەوەکردەوە، ژنان لە ڕێگەی پێکەوەییەوە ئەڵتەرناتیڤێک هەڵدەبژێرن تا دەنگ و ئامانجەکانیان یەکبخەن، هەروەها ژنان خەبات و تێکۆشانیان بۆ گەڕانەوەی ساڵانی حەفتاکان نەکردووە، تا بگەڕێنەوە بارودۆخی کۆیلایەتی، بۆیە لە دەستنیشانکردنی ئەڵتەرناتیڤەکاندا دەبێت ڕۆڵیان هەبێت، بۆئەوەی ماف و دادپەروەری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بهێننەئاراوە، هەروەها داواکاری هاوڵاتیان نەمانی دەسەڵاتی سەرکوتکارییە، کە جیهانیش لەگەڵ ئەو داواکارییەدایە، سیستمی سەرکوتکەریش تەنها بە جارێک کۆتایی نایەت، بەڵام سەرکوتکار  ناتوانێت بەردەوام ببێت، ئەویش بە هۆکاری قبوڵنەکردنی لە لایەن گەلەوە، هەروەها تاکەڕێگەیەکیش کە بتوانێ ماف و داخوازییەکان بگەیەنێت بە ئەنجام، ئەوەیە کە یەکێتییەک لە نێوان گەلان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستببێت، هەروەها دەبێت ئەو شێونانەی پێشەنگایەتییان دژ بە دەسەڵاتی دیکتاتۆرکردووە تەنها نەمێننەوە، بەڵکو پێویستە گەل بەیەک دەنگ لەهەموو ناوچەکاندا بڕژێنە سەر شەقامەکان، چونکە تاکە ڕێگە بۆ کۆتاییهێنان بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ئێران هاتنە لای یەکی گەلانە.