بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی هۆشداری دەدات

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا، بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ڕوونکردنەوەی لەبارەی ڕووداوەکەی شەوی ڕابردوو داو ڕایگەیاند بەڕێوەبەرایەتی چەندین کەموکورتی هەیە، ڕێکخراوەکانیش داوای داڕشتنی پلانێکی تۆکمە دەکەن.

سلێمانی

 

ئەمڕۆ٥ی کانوونی یەکەم لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە سلێمانی، کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی بە ئامادەبوونی کوردۆ عومەر، بەرێوەبەری گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان لە هەرێمی کوردستان، سەرکەوت عومەر بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە سلێمانی و ڕێکخراوەکان ئەنجامدرا.

 

 لە سەرەتای کۆنگرەکەدا کوردۆ عومەر، ڕایگەیاند بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان کەموکورتی زۆریان هەیە، کێشەی کەمی کارمەند، چەک، بینا و پێداویستییەکانیان هەیە، بۆیان دابین ناکرێت، ئەوانیش تواناکانیان لە ئاستی ئەو ڕێژە زۆرەی سکاڵا نییە.

 

جەختی لەوەشکردەووە، ژیانی ژنان لە ژێر هەڕەشەدایە، بوونی چەک لە ماڵەکاندا و سیمکارتی بێ ناسنامە دۆخی ژنانی خراپترکردووە، ساڵانە ١١ هەزار پەیوەندی بە هێڵی گەرمی ١١٩ دەکرێت، ساڵانە سێ هەزار سکاڵا زیاد دەکات، ئێستاش کار بۆ ئەپڵیکەیشنی Save you دەکەن،  داوایان لە وەزیری ناوخۆ و حکومەت هەیە کە پێداویستییەکان بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکان دابین بکەن.

 

لەبارەی ڕووداوەکەوە، عەمید سەرکەوت عومەر زانیارییەکانی خستەڕوو وتی: " سکاڵاکەر هاوژینی سکاڵالێکراو بووە، دوای ئەوەی سێ جار پێیان ڕاگەیاندووە کە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکات، بەڵام سکاڵالێکراو ئامادە نەبووە، بۆیە ئەوان چوون تا سکاڵالێکراو دەستگیربکەن، بەڵام سکاڵالێکراو ڕادەکات لەلایەن کەسی پلە یەکی سکاڵا لێکراوەوە تەقە لە هێزەکانی پۆلیس کراوە هەر لەناو ئۆتۆمبێلەکەدا نەقیب محەمەد لەتیف گیانی لەدەستداوە، چوار پۆلیسی دیکەش بریندارن، کە دووانیان برینەکانیان سەختە، هاوکات بەهۆی بەرکەوتنی یەکێک لە گولـلەکانەوە بۆ تەنکی بانزینەکە ئۆتۆمبێلەکە گڕی گڕتووە، تا ئێستاش هیچ کەس لە تۆمەتبارەکان دەستگیرنەکراون، لە ئێستاشدا ئەو ژنە پارێزراوە.

 

لەبارەی کەموکورتییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، ئەگەر هاوکارییەکانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان نەبووایە نەیان دەتوانی کارەکانیان بکەن، دەشڵێت: "ئەگەر داواکانمان بۆ جێبەجێنەکرێت، ئەوا ئێمە لە کارکردن ڕادەوەستین".

 

 دواتر لەلایەن ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و ژنانەوە، یاداشتێک ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی ناوخۆ کرا، کە لەلایەن هانا شوان چالاکوانی مەدەنی و ئەندامی ڕێکخراوی گەشەپێدانی مەدەنیەت خوێندرایەوە، لە یاداشتەکەدا چەند داخوازییەکیان خستەڕوو، ئەوانیش دانانی پلانێکی تۆکمە بۆ سەلامەتی کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی هاوکات گرنگیەکی تایبەتیان پێبدرێت، هەروەها دانانی بودجەیەکی تایبەت بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان،  داواشیان لە ئاسایش کرد لەگەڵ پۆلیسی بەڕێوەبەرایەتییەکاندا هەوڵ بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایشی شار بدرێت.