بەرخۆدانی گەلی مەخمور لە ڕۆژی ١٠یەمدا بەردەوامە

بەرخۆدانی گەلی کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە دژی سوپای عێراق لە ڕۆژی ١٠یەمدا بەردەوامە، سەربازە عێراقییەکان هەوڵدەدەن بیری ئاوی کامپەکە بگرن و ئاو لەسەر کامپەکە ببڕن.

 

ناوەندی هەواڵ

 

لە ٢٠ی ئایار، سوپای عێراق هەوڵیدا کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور بە تەل و قولە گەمارۆ بدات، خەڵکی کامپەکە لە سەرەتای گەمارۆکەوە چادریان لە دژی ئەم هەوڵە دامەزراندووە و بەردەوامن لە بەرخۆدان، بەرخۆدانی خەڵکی کامپەکە لە ڕۆژی ١٠یەمیندا بەردەوامە.

 

خەڵکی کامپەکە بۆ ماوەی ١٠ شەو و ڕۆژ لە دژی ئەو هەوڵە بەرگری دەکەن و سەربازە عێراقییەکان هەموو ڕۆژێک سوورن لەسەر ئەوەی کامپەکە بە تەلبەند گەمارۆ بدەن، سەرەڕای هەموو کۆبوونەوەکان، عێراق بەڵێنی داوە دەوری کامپەکە تەلبەند نەکات، بەڵام ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر سوورن لەسەر ئەو کارە، خەڵکی کامپەکەش لە دژی سووربونی تەلبەندکردن، سوورن لەسەر بەرخۆدان.

 

هەوڵدان بۆ گرتنی بیری ئاو

سەربازە عێراقییەکان دەیانەوێت ئاوی کامپەکە ببڕن، بۆیە دوێنێ هەوڵیان دا دەوروبەری بیری ئاوی کامپەکە بگرن، جارێکی دیکە دانیشتوانی کامپەکە لەبەردەم ئەوەدا ڕاوەستاون و ڕێگرییان لەوە کردووە ئاوەکەیان ببڕدرێت، بە تایبەتی سەربازە عێراقییەکان ڕوو لە بیری ئاو دەکەن و دەیانەوێت بە تەواوی ئاو ببڕن لەسەر خەڵکی کامپەکە.