بنەماڵەی شەنیاشار: ناوی ئێمەش بنووسن

لە دژی وتەکانی عومەر چەلیک وتەبێژی ئاکەپە کە بۆ ڕەخنەی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە وتبووی "ئێمە دەیاننووسین"، بنەماڵەی شەنیاشار کە لە ٧٠١ەمین ڕۆژی ئێشکگری دادپەروەریدان وتیان: "ناوی ئێمەش بنووسن".

ڕەحا

ئێشکگری دادپەروەری ئامینە شەنیاشار، کە هاوژینەکەی و دوو کوڕەکەی لە ١٤ی حوزەیرانی ٢٠١٨دا لەلایەن پاسەوانان و کەسوکاری ئیبراهیم خەلیل یەڵدزی پەرلەمانتاری ئاکەپەوە لە ناوچەی پرسوسی ڕەحا کۆمەڵکوژکران، لە ٩ لەگەڵ فەرید شەنیاشاری کوڕی، کە بە برینداری ڕزگاری بوو لە ڕۆژی ٧٠١ەمیندا بەردەوامە.

 

بنەماڵەی شەنیاشار، کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەیانییەوە چوونە بەردەم دادگای ڕەحا، لەبەردەم پانکارتی "دادپەروەری" کە ناوی ئەو شارانەی کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە نوسسراون، دەستیان بە ئیشکگری کرد.

 

"یەکێک لە هۆکارەکانی بوومەلەرزەکە نادادپەروەرییە"

فەریت شەنیاشار لە ئێشکگرییەکەدا قسەی کردو ئاماژەی بەوەکرد کە هۆکاری زۆر بۆ بوومەلەرزەکە هەبووە، کە یەکێکیان نادادپەروەری بووە و وتی: "بەڕای ئێمە یەکێک لە هۆکارەکانی بوومەلەرزەکە نادادپەروەرییە هەموو کەس ئەم نادادپەروەرییە دەزانێت، سبەی و دوو سبەی پەرلەمانتاران دەچنە مەیدانەکان، ئەگەر ئەمە بەبێ دادپەروەری بەردەوام بێت، چۆن دێنە ڕەحا و داوای دەنگدان لە خەڵک دەکەن؟ دەسەڵاتداران پەرەیەکیان گرتووەتە دەستیان و ناوی ئەو کەسانە دەنووسن کە ڕەخنەیان لێدەگرن لە بوومەلەرزەکە، داوا لە دەسەڵاتداران دەکەین کە ناوی ئێمەش بنووسن".

 

بنەماڵەی شەنیاشار ئەمەیان لەسەر هەژماری میدیای دیجیتاڵی خۆیان بڵاوکردەوە و وتیان: "ئەو دایکەی ماوەی ٧٠١ ڕۆژە لە دادگای ڕەحا داوای دادپەروەری دەکات، لەسەر پەرە دەڵێت  #BeniDeNotEt ئێمە ئەم ڕۆژە سەختانە بە یەکپارچەیی خەڵک بەسەر دەبەین".