بنەماڵەی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان: پەدەکە تەرمی شەهیدەکان ناداتەوە بە خێزانەکانیان

دژی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و تاوانەکانی پەدەکە، نوێنەرایەتییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان، لە سلێمانی گردبوونەوە و داوای هەڵوێستیان کرد، ئاماژەشیان بەوەدا کە پەدەکە تەرمی شەهیدەکان ناداتەوە بە خێزانەکانیان.

 

سلێمانی

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ لە پارکی نالی شاری سلێمانی، نوێنەرایەتی پەیەدە و نوێنەرایەتی خۆبەڕێوەبەری خۆسەر لە هەرێمی کوردستان و بنەماڵەی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان گردبوونەوە و پشتیوانیان لە بنەماڵەی ئەو شەهیدانە کرد لە ٢٨ی مانگ لە خەلیفان شەهید کران و پەدەکە تەرمەکانیان ناداتەوە بە خێزانەکانیان.

 

لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا نالین مستۆ، ئەندامی نوێنەرایەتی خۆبەڕێوبەری خۆسەر لە هەرێمی کوردستان، بەیاننامەی بنەماڵەی شەهیدانی خوێندەوە و ئاماژەی بەوەدا کە ماوەی ٦ مانگە دەوڵەتی تورکیا بە شێوەیەکی هۆڤانە هێرش دەکاتە سەر هەرێمەکانی پاراستنی میدیا و باشوری کوردستان، بە فرۆکەی جەنگی و چەکی کیمیایی بۆردومان دەکات، لەلایەن گەریلاکانی ئازادیشەوە بەرخۆدانییەکی مێژووی بەڕێوەدەچێت.

هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە: ٢٨ی مانگی ئاب لە خەلیفان گەریلاکان لەکاتی ڕاپەراندنی ئەرکی خۆیاندا دەکەونە کەمینی پەدەکەوە و بەشێوەیەکی نامرۆڤانە ٦ گەریلا لەلایەن چەکدارانی پەکەکەوە شەهید دەکرێن، لەناویاندا هەردوو شەڕڤانی ڕۆژئاوای کوردستان بە ناوی شەهید سەردەم و تۆڵهەڵدان هەن، کە لەلایەن پەدەکەوە دەفڕێندرێن و هەتا ئێستا چارەنووسیان نادیارە.

 

بەیاننامەکە باس لە قارەمانی ئەو شەهیدانە دەکات کە بەرامبەر دەوڵەتی تورکیا و داعش لە هەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا قارەمانانە شەڕیان کردووە "هەتا ئێستا هێزەکانی پەدەکە لەوبارەیەوە هیچیان نەوتووە، بەڵام بەڵگەمان هەیە کە ئەو شەهیدانە تەرمەکانیان لە دەستی پەدەکە دان، بۆیە ئێمە وەک بنەماڵەی شەهیدانی ڕۆژئاوای کوردستان ئەو کۆمەڵکوژییە شەرمەزار دەکەین و داواکارین کە تەرمی ڕۆڵەکانمان بگەڕێننەوە".

داواش لە گەلی باشوری کوردستان، نیشتمانپەروەر، پەرلەمانی کوردستان، پارتە سیاسییەکان دەکەن دژی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکیا و تاوانەکانی پەدەکە بێدەنگ نەبن و هەڵوێستیان بنوێنن.

 

جێی ئاماژەیە ماوەی دوو ڕۆژە بنەماڵەی ئەو شەهیدانەی لە خەلیفان لە کەمینی پەدەکەدا شەهید بوون لە دەروازەی سێمێلکا مانیان گرتووە و چادریان هەڵداوە، داوای تەرمی شەهیدەکانیان دەکەنەوە.

 

ت.پ