بکوژی ژنەکەی لە بەکرەجۆ دۆزرایەوە خاوەن کارەکەی بوو

دوای چوار ڕۆژ لە مانەوەی تەرمی ژنێک کە ڕۆژی ١٣ی مانگ لە بەکرەجۆ بە کوژراوی دۆزرایەوە، ئێوارەی دوێنێ ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی بکوژانی ڕاگەیاند کە خاوەن کارەکەی بووە.

ناوەندی هەواڵ

 

سەرلەبەیانی دوێنێ، ١٦ی مانگ، ئاژانسی نوژنها بەدواداچوونی بۆ کەیسی ژنە کوژراوەکەی گەڕەکی هەواری زانکۆی بەکرەجۆ لە شاری سلێمانی کرد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە نوژنهای ڕاگەیاند کە تا ئەوکاتە هیچ شتێک ڕوون نییە و کەسیش لە تەرمەکەی نەپرسیوە،.

 

ئێوارەی دوێنێ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی تاوانبارەکانی ڕاگەیاند و دەرکەوت کە ژنەکە تەمەنی ١٨ ساڵ بووە و لەلایەن خاوەن کارەکەیەوە کوژراوە.

 

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی:

سەرلەبەیانی رۆژی ٢٠٢١/١٢/١٣ زانیاریمان پێگەیشت لەبوونی تەرمی ژنێکی نەناسراو لەسەر رێگای سەرەکی گەرەکی بەکرەجۆ ، دەست بەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستیان کرد بە کاری لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون.

 

لەماوەی کەمتر لە ( ٤٨ ) کاتژمێر توانرا دوو تۆمەتبار دەستگیر بکرێت بەناوەکانی ( خ ح ع ) و ( د خ ق ) لەئەنجامی لێکۆڵینەوە دانیان نا بە تاوانەکەیاندا و پێناسی تاوان لێکراویان ئاشکرا کرد کەناوی ( د ت ع ) لەدایک بووی ساڵی ( ٢٠٠٣ ) .

 

تۆمەتباران لەووتەکانیاندا دەریان خست کە پێشتر یەکتریان ناسیوە و تاوانلێکراو لای تاوانباری سەرەکی لەیەکێک لەکافتریاکانی شاری سلێمانی بە ناوی کافتریای (لاس فیکاس) لەشەقامی سالم کاری کردووە و شەوی تاوانەکە پێکەوە بوون لەماڵی تۆمەتبار ( د خ ق ) وە لە بەرەبەیاندا کێشە دەکەوێتە نێوانیان و لەئەنجامدا تۆمەتبار ( خ ح ع ) بە بەکارهێنانی چەک هەڵدەستێ بە کوشتنی تاوانلێکراو ( د ت ع ) پاشان بە ئوتۆمبیلەکەی تەرمەکەی دەگوازێتەوە بۆ ئەو شوێنەی کە تەرمەکەی تیدا دۆزرابوویەوە، پاشان هەوڵی خۆحەشاردانی داوە.

 

تیمەکانی ئاسایشی سلێمانی دەستیان گرت بەسەر ئەو چەک و ئۆتۆمبێلەی کە بەکارهێنراوە، تۆمەتبار بە پێی ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادان و لەسەر بڕیاری بەڕێز دادوەر بەندکراون و لێکۆلینەوە بەردەوامە لەگەڵیان.

 

ت.پ