بکوژی ژنێک دوای زیاتر لە ساڵێک دەستگیرکرا

پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، بە تۆمەتی کوشتنی کەسێک کە نزیکەی ساڵ و نیوێک لەمەوبەر کوژراوە، تۆمەتبارێکیان دەستگیر کردووە.

ناوەندی هەواڵ

 

ئەمڕۆ ١٥ی کانوونی دووەم، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، دوای ئەوەی لە رۆژی ١٧ی٨ی ٢٠٢٣  ژنێك لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی بە خنكاوی دۆزرایەوە، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەستپێكرد و دەركەوت لەلایەن خزمێكی خۆیەوە كوژراوە و بكوژەكەش بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانی پۆلیس  بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبار بەردەوام بوو، تا ئەو كاتەی شوێنی نیشتەجێبوونی تۆمەتبار دۆزرایەوە و توانرا لەلایەن مەفرەزەكانی  نوسینگەی نەهێشتنی تاوانی كوشتن و بە هاوكاری دەزگای هەواڵگری حكومەتی فیدراڵ  تۆمەتبار لە پارێزگای عەممار دەستگیربكرێت.

 

لە راگەیاندراوەکەی بەڕێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە: لە ئێستادا تۆمەتبار ( ك ،ع، ف  بە ناسنامە عەرەب ، لەدایكبووی ٢٠٠٦ ) بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی ٤٠٦ لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و دانی ناوە بە تاوانەكەیدا، كە تۆمەتبار لە پارێزگای عەممارەوە هاتووەتە شاری سلێمانی و لە گەڕەكی سەرچناری شاری سلێمانی هەستاوە بە خنكاندنی پوری خۆی.