بەهۆی خراپتربوونی قەیرانی مرۆیی و تۆپبارانەکانی سەر فاشر ١٤ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا
کامپی ئەبو شوق لە شاری فاشر پایتەختی دارفۆری باکوور، شایەتی تۆپبارانی توندی هێزەکانی پشتیوانی خێرا بوو، کە لە ئەنجامدا ١٤ هاوڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا.

ناوەندی هەواڵ
ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە سوودان تووشی قەیرانی مرۆیی خراپتر بووە بەهۆی بەردەوامی ململانێی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، ئەم ململانێیە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی دەیان هەزار هاوڵاتی مەدەنی و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس، ئەمەش لە کاتێکدایە کە هەلومەرجی مرۆیی کارەساتبار کە دانیشتووانەکەی بەدەست برسێتی و نائاسایشی خۆراکەوە دەناڵێنن.
ڕۆژی ١٨ی ئایار، هێزەکانی پشتیوانی خێرا بازاڕی نایڤاشا و ناوچەکانی دیکەی کامپی ئەبو شوقیان بۆردوومان کرد کە برسێتی لێکەوتەوە، لەوانە مزگەوت و ماڵەکانی نزیک دامەزراوە گشتییەکان، بەگوێرەی سەرچاوە فریاگوزارییەکان، لە هێرشەکەدا ١٤ هاوڵاتی مەدەنی کوژراون و دەیان کەسیش برینداربوون.
ئاماژەی بەوەشکرد، هێزەکانی پشتیوانی خێرا هێرشەکانیان لە ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی سودان چڕکردووەتەوە، ڕادەی زیانەکانی بۆردوومانەکە بەرچاوە، ئەمە جگە لە خراپی دۆخی ئەمنی، کە وایکردووە لێپرسینەوە لە هەموو قوربانی و بریندارەکان قورس بێت.
کامپی ئەبو شووک دەکەوێتە شاری فاشر پایتەختی ویلایەتی دارفۆری باکوور. دوا شاری گەورەیە کە هێشتا لەژێر کۆنترۆڵی سوپای سوداندایە، هاوکات هێزەکانی پشتیوانی خێرا کۆنترۆڵی زۆربەی ناوچە بەرفراوانەکانی ڕۆژئاوای سودان دەکەن.
هێزەکانی پشتیوانی خێرا پێشتر ڕایانگەیاندبوو کە دوای هێرشە توندوتیژەکان کە سەدان کەسیان کوشت و ٤٠٠ هەزار دانیشتووی ناوچەکەیان بەرەو ناوچە ئارامترەکان ئاوارە کردبوو، کۆنترۆڵی کەمپی زامزمیان کردبوو. ئەوان لە کاتی شەڕەکاندا یان لە شەڕەکانی پێشووی دارفوردا ئاوارە بوون بۆ کامپەکە.
دوێنێ پزیشکانی بێ سنوور هۆشدارییان دا کە خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی نەخۆشخانە سەرەکییەکانی پایتەختی سودان کاریگەرییان لەسەرە بەهۆی بۆردومانکردنی وێستگەکانی کارەبا، ئەمەش بووە هۆی پچڕانی تەواوەتی کارەبا لە خەرتوم. هێرشەکە لەلایەن هێزەکانی پشتیوانی خێرا ئەنجامدراوە. ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، پچڕانی کارەبا بووەتە هۆی پچڕانی بەرچاوی خزمەتگوزارییە سەرەکییەکانی پەیوەست بە کارەبا، وەک ئاو، نەخۆشخانە و دامەزراوە گرنگەکانی دیکە، ئەمەش ئازارەکانی دانیشتووانەکەی زیاتر کردووە.
ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، چاودێری تەندروستی لە سودان لە هەموو ئاستەکاندا تووشی پچڕان دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی پچڕانی خزمەتگوزارییەکان کە هەڕەشەی بڕینی هێڵێکی ژیانی گرنگ بۆ دانیشتووان دەکات، ئەگەری زۆرە ڕێژەی کۆلێرا بەرزبێتەوە بەهۆی کەمی ئاوەوە، چونکە دانیشتووان پەنا بۆ سەرچاوەی ئاوی جیاواز دەبەن لەگەڵ داخستنی وێستگەکانی ئاو.