بەهۆی گیان لەدەستدانی ژنێک تەندروستی گەرمیان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە
تەندروستی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ژنێک لە نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب لە کەلار، تووشی دۆخێکی تەندروستی بوو سەرەنجام گیانی لەدەستدا، بەپشتبەستن بە یاساو ڕێنماییە بەرکارەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتیمانەوە پێکدەهێنرێت.
ناوەندی هەواڵ
چوار ڕۆژ پێش ئێستا ژنێک سەردانی نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیبی کرد لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، لەوێ بەبێ پشکنین، دەرزی هەستیاری بۆ کراوەو دواتر گیانی لەدەستدا.
پەیوەست بەو رووداوە، بەڕێوبەرایەتی گشتی تەندرووستی گەرمیان ڕایگەیاند، دوای ئەوەی ژنێک لە نەخۆشخانەی شەهید شێرەی نەقیب بۆ ژنان و مناڵبوون لە کەلار، تووشی حاڵەتێکی تەندرووستی بوو سەرەنجام گیانی لەدەستدا.
وتیشی: بەپشتبەستن بە یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەلایەن بەڕێوبەرایەتی گشتیمانەوە پێکدەهێنرێت و لە ڕۆژی یەکشەمە دەستبەکاردەبن بۆ بەدواداچوون لە ڕووداوەکە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: هاوخەمی خۆمان بە خێزان و کەسوکاری کۆچکردوو ڕادەگەیەنین، سەلامەتی گیان و ژیانی هاووڵاتییان و نەخۆشان بەلای ئێمەوە لە پیشینەیە، لەو سۆنگەیەوە بەدواداچوونی یاسایی و ئسوڵی پێویست دەکەین.