بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەغریب ٥٠ هەزار ماڵ بە تەواوی وێران بوون

نزیکەی ٥٠ هەزار ماڵ بە تەواوی یان بەشێکی بەهۆی بوومەلەرزەکەی مەغریب کە گوڕەکەی ٧ پلەی ڕێختەر بوو، وێران بوون.

 

ناوەندی هەواڵ- وێرانکاریی بوومەلەرزەکەی ٨ی ئەیلوول لە ناوچەی ئەلحوز لە مەراکیشی مەغریب کە گوڕەکەی ٧ پلەی ڕێختەر بوو بەردەوامە، بەپێی دوایین زانیارییەکان، لە بوومەلەرزەکەدا دوو هەزارو ٩٤٦ کەس گیانیان لەدەستداوە و ژمارەی بریندارەکانیش ٥ هەزارو ٦٧٤ کەس بووە.

بەپێی بەیاننامەیەکی نووسراو کە لەلایەن دادگای شاهانەی مەغریب بڵاوکراوەتەوە، نزیکەی ٥٠ هەزار ماڵ بە تەواوی یان بەشێکی وێران بوون لە پێنج ناوچەدا کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە، لە بەیاننامەکەدا هاتووە حکومەت دەستبەجێ یارمەتی ئەو خێزانانە دەدات کە بەهۆی بوومەلەرزەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە ١٨٠ هەزار درهەم کە دەکاتە نزیکەی ١٤ هەزار دۆلار دەدرێت بۆ خانووە وێرانبووەکان و ٨٠ هەزار درهەم کە دەکاتە نزیکەی ٨ هەزار دۆلار دەدرێت بە ئەو خانووانەی بەشێکیان هەڵوەشاون.