بەهۆی بەردەوامی هێرشەکان سێیەکی دامەزراوە تەندروستییەکانی سودان لە خزمەتگوزاری دەرچوون

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە سەرەتای ئەمساڵەوە پێنج هێرشی تۆمارکردووە کە دامەزراوە پزیشکییەکانی سودانیان کردۆتە ئامانج، لەکاتێکدا زیاتر لە یەک لەسەر سێی دامەزراوە تەندروستییەکان لە خزمەتگوزاری دەرچوون.

ناوندی هەواڵ

 

ململانێی بەردەوام لە سودان کە ئێستا لە سێیەم ساڵیدایە، کەرتی تەندروستی پەکخستووە و بووەتە هۆی تێکچوونی دۆخی مرۆیی ئەمساڵ و زیادبوونی ڕێژەی بەدخۆراکی و کەمبوونەوەی کۆگاکانی یارمەتییەکان.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ٢١ی شوبات ڕایگەیاند، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٦ەوە تا ئێستا پێنج هێرشیان تۆمارکردووە کە دامەزراوە پزیشکییەکانی سودانیان کردۆتە ئامانج، ئەمەش لەکاتێکدایە لە نێوان بەردەوامی ململانێکاندا، پێکدادانەکانی نزیکەی سێ ساڵەی نێوان سوپای سودان و هێزەکانی پشتیوانی خێرا، کەرتی تەندروستی کە لە ئێستاوە سست بووە، نزیکە لە وەستان و زیاتر لە یەک لەسەر سێی دامەزراوە تەندروستییەکان لە خزمەتگوزاری دەرچوون.

 

بەڕێوەبەری ڕێکخراوەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە ٥٠ ڕۆژی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٦دا پێنج هێرش بۆ سەر خزمەتگوزارییەکانی چاودێری تەندروستی لە سودان ئەنجامدراوە و لە ئەنجامدا ٦٩ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٤٩ کەسی دیکەش برینداربوون، دوایین هێرشەکانی ئەم هێرشانە نەخۆشخانەی "مزموم" لە پارێزگای سنار لە باشووری ڕۆژهەڵاتی وڵاتیان کردە ئامانج، لە ئەنجامدا٣3 نەخۆش گیانیان لەدەستدا و٧7 کەسیش برینداربوون کە کارمەندێکیشی تێدایە.

 

لە سەرەتای مانگی شوباتدا، زیاتر لە ٣٠ کەس لە سێ هێرشێکدا کە دامەزراوە پزیشکییەکانیان کردە ئامانج لە شاری کۆردۆفان، ئەو ناوچەیە فراوانە لە باشووری خەرتوم کە لە چەند مانگی ڕابردوودا بووەتە شوێنێکی سەرەکی شەڕ و پێکدادان.

 

داتاکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ئاماژە بەوە دەکەن، کە لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە بە لانیکەم ٢٠٦ هێرش کە دامەزراوەکانی چاودێری تەندروستی لە سودان کردۆتە ئامانج بەڵگەدارکراون و لە ئەنجامدا نزیکەی دوو هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسی دیکەش برینداربوون.

 

بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە، تەنها لە ساڵی ٢٠٢٥دا ٦٥ هێرش زیاتر لە ١٦٢٠ کەسی کوشتووە، کە نزیکەی ٨٠٪ی سەرجەم مردنەکانی هێرشەکانی سەر کەرتی تەندروستی لە جیهاندا پێکدەهێنێت.

 

ململانێکانی سودان کە نزیکەی سێ ساڵە بەردەوامە، دەیان هەزار کەسی کوشتووە و زیاتر لە ١٤ ملیۆن کەسیش لە خراپترین حاڵەتدا ئاوارەبوون، نەتەوە یەکگرتووەکان بە خراپترین قەیرانی مرۆیی جیهان پێناسە دەکات.

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پێشبینی دەکات لە ساڵی ٢٠٢٦دا سودان نزیکەی ٤.٢ ملیۆن حاڵەتی بەدخۆراکی توند تووشی بێت، لەنێویاندا زیاتر لە ٨٠٠ هەزار حاڵەت کە وەک بەدخۆراکی توند پۆلێنکراون، هەروەها پێشبینی دەکات کە ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە هاوکاری مرۆیی هەیە لە وڵاتەکەدا لە ماوەی هەمان ساڵدا بگاتە نزیکەی ٣٣.٧ ملیۆن کەس.

 

لە هەمان چوارچێوەدا، نەتەوە یەکگرتووەکان لە مانگی کانوونی دووەم هۆشداریدا لەوەی کە ڕەنگە تا کۆتایی مانگی ئادار، کۆگاکانی فریاگوزارییان تەواو بێت و ئەمەش قەیرانی مرۆیی پەرەسەندنی توندتر دەکات.